سبەی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو جووتیارانە دەکات کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە و رایدەگەیەنێت رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی چەکی شایستە داراییەکانیان دەستپێدەکات.
چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر، دابەشکردنی چەکەکان لە کاتژمێر (1)ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 18ـی حوزەیران دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر (5)ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم قۆناخەی دابەشکردنەکە زنجیرە (1671) تاوەکو زنجیرەی (1920) دەگرێتەوە و جووتیاران دەتوانن پارەکانیان لە بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) وەربگرن.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت، ئەو بڕە پارەیەی کە هاتووە وەکو شایستەی دارایی جووتیاران، بڕی 41 ملیار دینارە، لەو بڕەش 13 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە.
هاوکات بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە قۆناخی شەشەمی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانە و ئەوانەشی کە تاوەکوو ئێستا پارەیان وەرنەگرتووە لە قۆناخەکانی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆیان خەرجدەکرێت شایستە داراییەکانییان وەردەگرن.
لە ئاگادارییەکەدا چەند خاڵێکی گرنگ بۆ جووتیاران روون کراوەتەوە:
1- ئەو جووتیارانەی بڕی گەنمەکەیان لە (100) تۆن زیاترە، تا ئێستا پارەکانیان نەهاتووە و ئەم دابەشکردنە نایانگرێتەوە.
2- پێویستە ئەو کەسەی چەکەکە وەردەگرێت، خاوەن چەکەکە خۆی بێت یان بریکارنامەی (وەکالە)ی فەرمی و نوێکراوەی ساڵی 2026ی پێبێت.
3- لە حاڵەتی کۆچی دوایی خاوەن چەکدا، پێویستە واریسەکان دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی، لەگەڵ بریکارنامەی گشتی هەموو واریسەکان بهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر جەخت دەکاتەوە، رێکارەکان تەنها بەو مەرجانە جێبەجێ دەکرێن و پێویستە جووتیاران پابەندی کات و رێنماییەکان بن.