سەفین دزەیی: پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کوردستان ئەزموونێکی چەندین سەدەیە
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە کوردستان توانیویەتی مۆدێلێکی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نیشان بدات. ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە کۆتاییدا تەنیا لە رێگەی دیالۆگەوە دەتوانرێت کێشەکان چارە بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی "رۆژی نێودەوڵەتیی بۆ گفتوگۆ لە نێوان شارستانییەتەکاندا"دا بەشداری کرد و گوتارێکی فەرمی و چڕی سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان، ئاڵنگارییە هەرێمییەکان و پرسی دیالۆگی کولتووری پێشکەش کرد.
سەفین دزەیی لە سەرەتای گوتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان کرد و رایگەیاند: "ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە. پێویستە دەنگی ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە بگاتە هەموو جیهان و گەلان لێمان تێبگەن."
دزەیی بەراوردێکی لە نێوان رابردوو و ئێستادا کرد و گوتی: "لە رابردوودا دەنگی ئێمە کپکرابوو و لە دەرەوەی وڵات نەدەبیسترا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کاتی خۆیدا نەیتوانیبوو دەنگی گریان ئێمە ببیستێت، یان ئەشکەنجەدان و ئەو جینۆسایدانە ببینێت کە دژی گەلەکەمان ئەنجام درابوون."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی جیهانی هاوچەرخ و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "ئێستا جیهان گۆڕاوە؛ ئەو جیهانەی دوێنێ هەبوو، ئەمڕۆ بەو شێوەیە نییە و جیاوازە. ئێمە دەزانین کە ئێستا ئاڵنگاریی گەورە لە ئارادان؛ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گڕی گرتبوو، هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبوو لەم ئاڵنگاری و ململانێیانە، بەڵام بە داخەوە قوربانیمان دا".
سەفین دزەیی جەختی لەوەش کردەوە کە کلیلی سەرەکیی چارەکردنی قەیرانەکان بریتییە لە لێک تێگەیشتن و رایگەیاند: "لە کۆتایی هەموو ئاڵنگارییەکدا، دەبێت بە دیالۆگ کێشەکان چارە بکرێن. دیالۆگ بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک زۆر گرنگە و ئاشتیی جیهانییش پێویستی بەوەیە کە تەواوی کۆمەڵگەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و لە رێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە جیاوازییەکانیان بەیەکدی بگەیەنن."
جەختیشی کردەوە کە دەبێت تەواوی مرۆڤایەتی لە جیهاندا بە شکۆمەندی و ئاشتییەوە بژین، ئەمەش بنەمایەکە کە پێویستە هەمووان لێی تێبگەن و هەوڵ بەم ئاراستەیە بدرێت.
سەبارەت بە ئەزموونی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە پرسی پێکەوەژیاندا، دزەیی گوتی: "لێرە لە هەرێمی کوردستان، چیرۆکی سەرکەوتنی جۆراوجۆرمان هەیە. چەندین سەدەیە خەڵکی بە رەنگ، نەتەوە و ئایینی جیاوازەوە بە ئاشتی پێکەوە دەژین. ئەم پێکەوەژیانە لە کوردستاندا بە شێوازێکی خۆڕسک بووە؛ بێ ئەوەی یاسایەکی تایبەت هەبێت یان حکوومەت بڕیارێک بدات، سەرجەم پێکهاتەکان رێزیان لە یەکدی گرتووە و پێکەوە بە ئاشتی ژیاون و رێزیان لە بیرۆکە جیاوازەکانی یەکدی گرتووە، کە ئەمەش خاڵی وەرچەرخان و بنەڕەتییە بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم کرد و گوتی: "ئێمە زۆر بەبەختین کە خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەورە، فرەڕەنگ و جیاوازین و، خۆشحاڵین بەوەی کە نوێنەرانی وڵاتان لێرەن لە هەرێمی کوردستان. توانیومانە چیرۆکی سەرکەوتن و خۆڕاگریی هەرێمی کوردستان بگەیەنینە وڵاتان، کە ئەوانیش لە کتێب، فیلم و بەرهەمە سینەماییەکانیاندا باسیان لێوە کردووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی پردی ئاشنایی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا."
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024ـدا 78ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی بڕیارێک پەسەند کرا کە چین پێشنیاری کردبوو، کە 10ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک "رۆژی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ لە نێوان شارستانیەتەکاندا" دامەزراند، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بەهای فرەچەشنی کولتووری و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و رێزگرتنی یەکتر و هاودەنگی جیهانی.