قالیباف چەند نهێنییەکی دانوستانەکان ئاشکرا دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاران لە دانوستانەکانی "ئیسلام ئاباد"دا زمانی هێزی بەکارهێناوە و ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار بە پاشەکشە کردووە؛ جەختی لەوەش کردەوە، گەرەنتیی راستەقینەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە تەنیا هێزی کۆماری ئیسلامییە نەک بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان، هاوژین لەگەڵ ئاشکراکردنی مەرجەکانی تاران بۆ جێبەجێکردنی قۆناخەکانی تری رێککەوتنەکە کە پێویستە سەرەتا گەمارۆکان لاببرێن و داراییە سڕکراوەکان ئازاد بکرێن.
چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، رایگەیاند، ئەو وەک جەنگاوەرێک کارووباری دیپلۆماسی بەڕێوە دەبات نەک تەنیا وەک دیپلۆماتکارێک. گوتیشی: "جیاوازی ئەمجارە لەوەدایە کە سەرکەوتنەکانی مەیدان پشتیوانی دانوستانەکان بوون. ئێمە رێگەمان نەدا ئەمریکا و ئیسرائیل بگەنە هیچ کام لەو 9 ئامانجەی کە بۆ جەنگەکە دایاننابوو."
قالیباف باسی لە ساتێکی گرنگ کرد و گوتی: "رۆژی یەکشەممە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەیرووت. هەر لەوێ پەیاممان نارد کە حەتمەن وەڵام دەدەینەوە، ئەمەش کەشی دانوستانەکانی گۆڕی. ترەمپ ناچار بوو تا کاتژمێر 2ی شەو بێدار بێت و بەو زمانە توندە بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵێت کە دەبێت شەڕ ڕابگرێت."
قالیباف ئاشکرای کرد کە ترەمپ لە تویتێکدا ویستوویەتی وا نیشان بدات گەرووی هورمز دەستبەجێ کراوەتەوە، بەڵام تاران رێگەی نەداوە؛ بەمەش ترەمپ ناچار بوو قسەکانی راست بکاتەوە و بڵێت کردنەوەی گەرووەکە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن و لە رۆژی شەممەوە دەبێت." ئاماژەشی دا، "من بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکوەزیرانم گوت، ئێمە بە تەواوی بێ متمانەین بەرامبەر ئێوە، نەک هەر دوای شۆڕش، بەڵکو لە ساڵی 1953وە ئەمریکا خیانەت لە گەلی ئێران دەکات.
سەرۆکی تیمی دانوستانکار ستایشی خۆڕاگری حزبوڵڵای کرد و گوتی: "کاتێک ئێمە لە ئاگربەستدا بووین، ئەوان لە پێناو ئێران جەنگان و نزیکەی 4 هەزار شەهیدیان دا. لوبنان بەشێکی دانەبڕاوی ئەم رێککەوتنەیە و تێیدا سەروەریی خاکی لوبنان گەرەنتی کراوە."
لە درێژەی قسەکانیدا قالیباف باسی لەوە کرد، "هەمان ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە سوپای پاسدارانیان خستە لیستی تیرۆرەوە و دەیانویست دەسەڵات بڕووخێنن، سیستەمە ئەمنییەکانیان بە ئۆتۆمبێل و بە رێگەی وشکانی هاتنە تاران و بە پاڕانەوە داوای گفتوگۆیان دەکرد بۆ هەڵگرتنی سزاکان. ئێمەش پێمان گوتن: ئێوە کە دەڵێن ئێمە تیرۆریستین، چ کارێکتان بە تیرۆریستەکان هەیە؟"
قالیباف جەختی کردەوە کە ئێستا کاتی "مەیدانی خزمەتە" و دەبێت هێزەکانی ئێران یەکبگرن بۆ باشکردنی بژێوی خەڵک کە بەهۆی جەنگەوە زیانی پێگەیشتووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردن هەیە.
قالیباف دووپاتی کردەوە کە گەرەنتی راستەقینەی رێککەوتنەکە تەنیا "هێزی ئێران و یەکڕیزی گەلە" نەک بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "من نە تەنیا خۆبەخش نەبووم بۆ وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، بەڵکو زۆر لێی بەدحاڵ بووم ئایا پێتان وایە بۆ من ئاسانە لەگەڵ کەسێکدا بگەمە رێککەوتن کە داڕێژەر و فەرماندە و چاودێری تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی بووە؟" ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵی زۆری داوە ئەو ئەرکەی پێنەسپێردرێت، بەڵام کاتێک هیچ پێشنیازێکی تر نەبووە، وەک ئەرک جێبەجێی کردووە.
باسی لەوەش کردووە، پێش دەسپێکردنی گەشتەکەی بۆ ئیسلام ئاباد، پەیامی جەی دی ڤانسی بیستووە سەبارەت بە لوبنان، بۆیە هەر لە فڕۆکەخانەوە تویتێکی کردووە و ڕایگەیاندووە: "تاوەکو دۆخی لوبنان روون نەبێتەوە، هیچ دانوستانێک دەستپێناکات." قاڵیباف گوتی: دوای گەیشتنیان، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لەگەڵ عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان وەک نێوەندگیر تەنیا لەسەر پرسی لوبنان قسەیان کردووە تاوەکو لایەنی ئەمریکییان ناچار کردووە مەرجەکانیان قبووڵ بکات
سەبارەت بە وردەکارییەکان، قالیباف ڕایگەیاند، لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا، 3 گەڕی دانوستانی ورد لەسەر دەقی رێککەوتنەکە و 3 گەڕی دانوستانی سێقۆڵی بە ئامادەبوونی نێوەندگیرەکان بەڕێوەچوون.
جەختیشی کردەوە، بۆ ئەوەی ئێران بچێتە ناو قۆناخەکانی تری رێککەوتنەکەوە، دەبێت سەرەتا بەندەکانی (1، 4، 5، 10 و 11) جێبەجێ بکرێن، کە بریتین لە: راگرتنی جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، کردنەوەی گەرووی هورمز، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و لێخۆشبوونی سزاکانی نەوت. گوتیشی: "ئەمە مانای وادادەگی و تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو دانوستانە بە ڕێگەی جەنگ."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە تاران لە کاتی دانوستانەکاندا زمانی هێزی بەکارهێناوە. گوتیشی: "هەر کە ئاگربەست چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، دوژمن هەوڵی تێکدانی دا، بەڵام ئێمە دەستبەجێ وەڵاممان دانەوە؛ دوو کەشتی جەنگیی دوژمنمان لە گەرووی هورمز پێکاو ئاگریان تێبەربوو، هەروەها رووداوەکەی هێلیکۆپتەری ئەمریکییەکان و پێکانی ئەو فڕۆکەخانانەی جەنگاوەرەکانی دوژمنی لێ دەفڕین، هەمووی لە کاتی دانوستانەکاندا بوون."
قاڵیباف جەختی کردەوە کە لوبنان بەشێکی دانەبڕاوی رێککەوتنەکەیە و گوتی: "کاتێک ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زاحییە، ئێمە مۆڵەتمان دایە ئەمریکا کە دەبێت داواکارییەکانمان قبووڵ بکەن، ئەگەرنا وەڵاممان دەبێت. ترەمپ ناچار بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیام بۆ ناتانیاهۆ بنێرێت و پێی بڵێت کە دەبێت هێرشەکان ڕابگرێت."
دووپاتی کردەوە کە بێ متمانەیی ئەو بەرامبەر ئەمریکا لە هەموو کەس زیاترە. گوتی: "تەنانەت ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رێککەوتنەکە پەسند بکات، هێشتا جێگەی متمانە نییە. تەنیا گەرەنتی راستەقینە بۆ ئێمە، هێز و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."
قالیباف لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژەشی دا، "کاتێک مەنتیقی دوژمن تەنیا هێز بێت، دەبێت ئەدەب بکرێت؛ بەڵام کاتێک دێنە سەر مێزی دانوستان، دەبێت بە بێ متمانەییەوە قسەیان لەگەڵ بکرێت." ناوبراو ئاشکرای کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆ دەریاییەکان هەڵبگرێت، بەڵام ترەمپ لە ژێر فشاردا تەنیا لە "یەک شەودا" فەرمانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی جێبەجێ کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و رایگەیاند: "گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش جەنگ." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە بەو مانایە نییە ئێران یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت، بەڵکو بەپێی مافی سەروەریی خۆی، دەبێت هەموو ئەو وڵاتانەی کەشتییەکانیان بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، تێچووی خزمەتگوزارییەکانی ئێران بدەن. قاڵیباف گوتیشی: "دوژمنە گەمژەکانمان وایان کرد ئەو توانایەی ئێران کە پێشتر تەنیا وەک ئەگەر بوو، ئێستا ببێتە واقع."
قالیباف سەبارەت بە میکانیزمی ئازادکردنی پارەکان گوتی: "پێویست ناکات پارەکان بە فەردە و کارتۆن بهێنرێنەوە، بەڵکو دەبێت بخرێنە ناو حیسابەکانمان و بانکی ناوەندی دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بۆ خەرجکردنیان و کردنەوەی گەرەنتی بانکی بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت." جەختیشی کردەوە کە ئەمە مەرجێکی سەرەکیی تارانە بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە.
سەرۆکی پەرلەمان کە خۆی وەک "پیاوی مەیدان" وەسف کرد، رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "من دیپلۆماتکار نیم، بەڵام باش دەزانم چۆن لە ئەمریکا بگەێنم کە دەبێت چی بکات. ئەگەر ئەوان مەنتیقی گفتوگۆ نەزانن، بە زمانی هێز تێیان دەگەیەنین." ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەباشی تەواودان و "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە".
قالیباف دەستەواژەیەکی میللیی فارسی (بچرخ تا بچرخیم) وەک هەڕەشە بەکارهێنا و گوتی: "ئەگەر ئەوان پابەند بن، ئێمەش پابەند دەبین؛ بەڵام ئەگەر فێڵ بکەن، ئەوا با بزانن ئێمە پیاوی جەنگین و ئامادەی هەموو رووبەڕووبوونەوەیەکین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرنجی خستە سەر لایەنە ئابوورییەکانی رێککەوتنە نوێیەکە و گوتی: "لە بەندی شەشەمی یادداشتەکەدا، دەستەواژەی 'ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری' بەکارهاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 300 ملیار دۆلار دیاری کراوە تاوەکو لە ناوخۆی ئێراندا وەبەرهێنانی پێ بکرێت و بەشێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە بێت کە لە جەنگدا زیانیان پێگەیشتووە."
قالیباف ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادە نەبوون ئەمریکا وەک لایەنی دەستپێشخەر و دەستدرێژکار بناسێنن، واشنتنیش قبووڵی نەکرد پارەکە وەک "قەرەبووی جەنگ" بدات، بۆیە لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوەدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
ناوبراو بە زمانێکی رەخنەئامێز گوتی: "لە جیهانێکدا دەژین کە یاسای جەنگەڵی تێدایە و نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگە، بۆیە ئێمە دەبێت بە پشتبەستن بە هێزی مقتەدارانەی خۆمان پرسەکانمان یەکلایی بکەینەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی جەنگەکە نانەوەی ناسەقامگیری و رووخاندنی دەسەڵات بوو. گوتیشی: "لە 12 بۆ 20 رۆژی یەکەمی جەنگدا، تەنانەت هەندێک وڵاتی دۆستیش وایان دەزانی کارمان تەواو بووە، بەڵام ئەمڕۆ جیهان بە چاوی خۆی ئیرادەی گەلی ئێرانی بینی و دوژمن ناچار بوو پاشەکشە بکات."