سەلیم روکابی: رێوشوێنهكانی ههناردهكردنی نەوت بۆ دۆخی جاران دهگهڕێتهوه
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: بەردەوام چاودێریی بارودۆخی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکەین و، لەگەڵ گەیشتن بە ئاساییبوونەوەی تەواوی جووڵەی دەریایی، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دۆخی پێشووی خۆی دەگەڕێتەوە.
هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24، باسی لەوە کرد، وەزارەتی نەوت بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی جووڵەی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز دەکات و، لەگەڵ گەیشتن بە ئاساییبوونەوەی تەواوی دەریاوانی لەو ناوچەیەدا، سەرجەم رێوشوێنەکانی هەناردەکردنی نەوت بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.
روکابی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وەزارەت کار دەکات بۆ تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان بۆ بارکردنی کەشتییە نەوتییەکانی عێراق.
لە هەمان کاتدا روونی کردەوە، کە شێوازی کارکردنی کێڵگە نەوتییەکان بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکی دیکە جیاوازە، بەڵام ئێستا سەرنجی سەرەکیی وەزارەت لەسەر ئەو کێڵگانەیە کە گازی هاوەڵیان لەگەڵدایە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت جەختی لەوەش کردەوە، کە گەرووی هورمز تاکە دەرچەی سەرەکی و ستراتیژییە بۆ گەیاندن و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان؛ بەڵام بەهۆی داخرانی ئەم گەرووەوە لە ماوەی رابردوودا، پڕۆسەی هەناردەکردنی فەرمی تووشی وەستان بووە.
دەشڵێت: بەهۆی ئەم بەربەستە دەریاییانەوە، عێراق لە مانگی ئایاردا تەنیا حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە ئەوەش لە رێگەی تەنکەر، بۆرییە ناوخۆییەکان و بەکارهێنانی پیشەسازیی ناوخۆییەوە بووە.