قاسم ئەعرەجی کرا بە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق
لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە پۆستە باڵا ئەمنییەکانی عێراق، قاسم ئەعرەجی وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئەمنی دەستنیشانکرا؛ ئەمەش دوای ئەوەی پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی رادەستی قاسم عەبوودی کرد.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، ئاراس زەیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی بە کوردستان 24ـی راگەیاند: "قاسم ئەعرەجی بە فەرمی وەک راوێژکاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی دەستنیشانکراوە و لە ئەمڕۆوە لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکاربووە."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە هەستیار و ئەمنییەکانی وڵاتدا دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا، قاسم عەبوودی وەک راوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی لە شوێنی ئەعرەجی دەستنیشانکرا.
لە رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی کار و ئەدای پیشەیی ئەعرەجی کرد لە ماوەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی پێشوودا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی دۆسیە ئەمنییە ستراتیژییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنیی عێراق و پاراستنی سەروەریی وڵات.
هەروەها نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی باسم بەدری سەرۆکی نوێی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و عەبدولکەریم بەسری، سەرۆکی پێشووی دەزگاکە، ڕێوڕەسمی ڕادەستکردن و دەستبەکاربوونی باسم بەدری، وەک سەرۆکی نوێی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی جەختی لە گرنگی کارەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ پاراستنی عێراق و پتەوکردنی سەقامگیری کردووەتەوە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ باسم بەدری خواستووە لە ئەرکە نوێیەکەیدا.
باسم بەدری، لەدایکبووی ساڵی 1964ـە و بڕوانامەی دکتۆری لە ئابووری کشتوکاڵ هەیە و پێش دروستبوونی کابینەی نوێی عێراق، باس لەوە دەکرا یەکێک بێت لە کاندیدانی پۆست سەرۆکوەزیران.
قاسم ئەعرەجی لە ساڵی 2020 و لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وەرگرت. ناوبراو تاوەکو ڕێکەوتی 18ی ئایاری 2026 لەو ئەرکەدا بەردەوام بوو، بەرلەوەی لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی نوێدا، پۆستی ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیران وەربگرێت.