هەولێر و بەغدا  لەسەر 97%ی رێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا رێککەوتوون

دکتۆر سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24، دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی (ئەسیکۆدا) راگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد، 97%ی کارەکان کۆتاییان هاتووە و ئەوەی ماوەتەوە پێوستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق هەیە.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، دکتۆر سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، خاڵێکی وەرچەرخان بووە لەم دۆسیەیەدا، جەختی کردەوە، سەرۆکوەزیران ئامادەیی نیشانداوە بۆ کارکردن بەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، تایبەتمەندییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ روونی کردەوە، رێککەوتنەکە هەشت بواری سەرەکی وەک وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کۆنتڕۆڵی جۆری لەخۆ دەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوەش بریتییە لە یەکخستنی پێناسی گومرگی، بنبڕکردنی رۆتین و گەندەڵی، هەروەها نەهێشتنی بڕیارە تاکلایەنەکان لە دەروازە سنوورییەکاندا.

لەبارەی مافە یاساییەکانی هەرێمەوە، سامی جەلال جەختی کردەوە، لێرە بەدواوە خاڵە گومرگییەکان بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن و پێویستە نوێنەرانی کورد بەشدار بن لە هەر بڕیارێکدا کە پەیوەست بێت بە پێناسی گومرگی، گوتیشی: "ئەمە رێگر دەبێت لە هەر بڕیارێک کە ئامانجی زیان گەیاندن بێت بە هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە داهات و ئاسانکارییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، داهاتە نانەوتییەکان بە رێژەی 50% لە نێوان هەولێر و بەغدا دابەش دەکرێن، هەروەها بازرگانانی هەرێم دەتوانن بە ئاسانی و بەبێ چاوەڕوانییەکی زۆر کۆدی ئەسیکۆدا وەربگرن، جەختی لەوەشکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا ئەم سیستەمە لە هەموو دەروازە سنوورییەکان بە فەرمی بکەوێتە کار و شەفافیەتێکی تەواو بۆ داهاتەکان فەراهەم بکات.