قەتەر: ڕووداوی تەقینەوەکە 79 قوربانی لێکەوتەوە

وەزیری وزەی قەتەر رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندی گازی "رەئس لافان"، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 66 کەسی دیکە بریندار بوون. حکوومەتی قەتەر جەخت دەکاتەوە کە رووداوەکە "تەکنیکی" بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشی دەرەکییەوە نەبووە.

دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر، رایگەیاند، تەقینەوەکە لە کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکانی یەکەی "بەرزان" بۆ دابینکردنی گازی ناوخۆیی لە ناوچەی پیشەسازی رەئس لافان روویداوە. وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە قوربانییەکان هاووڵاتی هیندستان و پاکستانن و بریندارەکان لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، بەڵام باری تەندروستییان جێگیرە.

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، کەعبی دووپاتی کردەوە کە "ئەمە رووداوێکی تەکنیکی بووە و کردەوەی تێکدەرانە یان دوژمنکارانە نەبووە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەواندنەوەی گومانەکان لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە نێوەندی جەنگ و هێرشە جیۆپۆلیتیکییەکان دایە.

وەزیری وزە دڵنیایی دا کە ئەم تەقینەوەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی گاز یان دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی وڵات نابێت، هەروەها هیچ زیانێکی ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ناوچەی پیشەسازی رەئس لافان کە گەورەترین ناوەندی گازی سروشتی شلکراوە لە جیهاندا، پێشتر بەهۆی هێرشەکانی ئێران لە میانی جەنگی ئەمریکا و ئێراندا زیانی بەرکەوتبوو، کە ببووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە 2ی ئاداردا.

کارگەی "بەرزان" کە تەقینەوەکەی تێدا روویداوە، توانای دابینکردنی 1.4 ملیار پێ سێجا گازی رۆژانەی هەیە بۆ وێستگەکانی کارەبا و ئاو و پیشەسازییە ناوخۆییەکانی قەتەر. 93%ی خاوەندارێتی ئەم کارگەیە بۆ کۆمپانیای "قەتەر ئینێرجی" و 7%ی بۆ کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل"ی ئەمریکی دەگەڕێتەوە.