پزیشکیان کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ رەتدەکاتەوە
پزیشکیان: ترەمپ هەموو رۆژێک هەڕەشەمان لێدەکات
سەرۆککۆماری ئێران، ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا بەدوور زانی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، روونیکردەوە کە کەشوهەوایەکی متمانەنەبوون لە نێوان تاران و واشنتن هەیە و کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو کارێکی دژوارە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی بی ئێس نیوز بڵاوکرایەوە، پزیشکیان گوتی: "تا ئەو کاتەی ئەوان واز لەو کارانە نەهێنن کە رۆژانە بەسەرماندا دەیسەپێنن، متمانەکردن بەوان کارێکی دژوارە". ئەو روونیکردەوە، رۆژانە سزاکان بەسەر ئێراندا زیاتر دەکەن، هەڕەشە دەکەن و پابەندی ئەو رێککەوتنانە نابن کە واژۆکراون. ئەم دۆخەش گومانەکانی لەبارەی پابەندبوونی واشنتن بە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو زیاتر کردووە.
تاران پێشنیازێکی نوێی حەوت رۆژەی پێشکەش بە لایەنی ئەمریکی کردووە، کە ئامانج لێی راگرتنی جەنگ، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
پێشنیازەکە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، بەدەرکردنی هەناردەی نەوت لە سزاکان، لەگەڵ راگرتنی جەنگ پێش کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەخۆ دەگرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، ئەو مەرجانەی ئێران نوێ نین و پشتیان بە بڕگەکانی ئەو لێکگەیشتنە بەستووە کە پێشتر لە مانگی حوزەیران هەردوو لا گەیشتبوونە سەری.
لە بەرامبەردا وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ پێشنیارە حەوت رۆژەکەی ئێرانی بۆ راگرتنی جەنگ رەتکردووەتەوە و بە یاریدەدەرانی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکات دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.