سووریا ئەفسەرێکی باڵای رژێمی پێشووی دەستگیرکرد

ئوسامە مەحموود حەمودە، ناسراو بە "ئەبو عەلا جەویە"
ئوسامە مەحموود حەمودە، ناسراو بە "ئەبو عەلا جەویە"

​ وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەنراوێکدا، دەستگیرکردنی یاریدەدەری یەکەم لە دەزگای هەواڵگریی رژێمی پێشووی ئەسەد، ئوسامە مەحموود حەمودە، ناسراو بە "ئەبو عەلا جەویە" راگەیاند، ئەمەش دوای پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی بۆ راکردن لە وڵات هات.

​​وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە لەلایەن یەکە تایبەتمەندەکانەوە کراوە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا و پێش ئەوەی تۆمەتبار بتوانێت خاکی سووریا بەجێبهێڵێت، گەمارۆی بدەن و دەستگیری بکەن.

​بەپێی روونکردنەوەکانی وەزارەت، بەدواداچوونە سەرەتاییەکان پەردەیان لەسەر چەندین پێشێلکاری مەترسیدار لاداوە کە تۆمەتبار لە سەردەمی کارکردنی لە دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی پێشوودا دژی خەڵکی سڤیل کردوونی، دیارترین ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون بریتین لە، ​دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ، سەرکردایەتیکردنی ئەو گرووپانەی کە هاووڵاتیانیان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر دەکرد و لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دەیانهێشتنەوە.

​هەروەها نووسین و ئامادەکردنی راپۆرتی سیخوڕی و ئەمنی دژ بە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان، کە ببووە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان.

​وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەشداوە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، بەمەبەستی رەوانەکردنی دەستبەسەرکراوەکە بۆ دەسەڵاتی دادوەریی تایبەتمەند تا سزای یاسایی خۆی بەسەردا بسەپێنرێت."

لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشیان کردە سەر دیمەشق و توانیان شارەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام هەر زوو بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری پێشووی سووریا توانی بەرەو مۆسکۆ رابکات، هەروەها دوای دامەزراندنی حکوومەتی نوێی سووریا راوەدوونانی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا زۆرێک لە ئەفسەر و پلەباڵاکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون.