واشنتن: ئاسایشی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز زامن دەکەین
وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت: وڵاتەکەی ئاسایشی گواستنەوەی نەوت بە گەرووی هورموزدا مسۆگەر دەکات، تەنانەت ئەگەر هیچ رێککەوتنێکیش لەگەڵ تاراندا واژۆ نەکرێت.
چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە، ئاماژەی بەوە کرد: "ئاساییبوونەوەی جووڵەی گواستنەوەی نەوت بەهۆی ئەو مینانەی کە ئێران لە گەرووی هورموزدا چاندبوونی دواکەوت، بەڵام ئەمریکا ئاسایشی گواستنەوەی نەوت بە گەرووەکەدا زامن دەکات، تەنانەت بەبێ رێککەوتن لەگەڵ ئێرانیشدا".
هاوکات باسی لەوە کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 72 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە دەرچوون کە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردبوو".
هاوکات داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان نیشانی دەدەن، کە جووڵەی نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان بە گەرووەکەدا دەستیپێکردووەتەوە، لە نێویشیاندا ئەو نەوتهەڵگرانەی کە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێکەوتوون.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی کە لە ژێر سزاکان دان، دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا هەناردەکردنی بڕی نەوت لە کەنداوەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە واشنتن و تاران لە 18ـی ئەم مانگەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و رۆژی یەکشەممەش 21ـی حوزەیران لە سویسرا دەستیان بە دانوستان کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوودا هەڵگیرسا بوو.