لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا رێککەوتنیان واژۆ کرد
بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتنێکیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی واژۆ کرد؛ بەپێی رێککەوتنەکە، سوپای ئیسرائیل لە ناوچە دیاریکراوەکان دەکشێتەوە و سوپای لوبنان جێگەی دەگرێتەوە، هاوکات هەردوولا لەسەر نەهێشتنی هەژموونی ئێران و چەککردنی حزبوڵڵا رێککەوتوون.
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی دەکرد، رایگەیاند: "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان حکوومەتی سەروەری لوبنان و حکوومەتی ئیسرائیلدا رادەگەیەنین، کە بە نێوەندگیری و پاڵپشتیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم رێککەوتنە "دەستپێکی داڕشتنی چوارچێوەیەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن لە کاتی واژۆ کردن رایگەیاند: کۆبوونەوەکان درێژخانەین و چڕوپڕ بوون، سوپاسی لایەنی میواندار دەکەین. باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن گوتی: ئێران و بریکارەکانی خوازیاری وێرانکارین، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت ئاشتییەکی راستەقینە لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بێننە ئاراوە.
هاوکات مارک زوو، پەرلەمانتاری لوبنان لە لێدوانێکدا بە کوردستان24 راگەیاند حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا دوای چوار ڕۆژ لە گفتوگۆی چڕوپڕدا رێککەوتن، رێککەوتنەکەیش واژۆ کرا، بە گوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئیسرائیل لە ناوچە دیاریکراوەکان دەکشێتەوە، جگە لەوەش تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکەکەی بەدەست پەرلەمانتاران نەگەیشتووە.
هاوکات فادی کەرەم، پەرلەمانتاری لوبنانیش بۆ کوردستان24 هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ لوبنان، بەڵام لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل پێویستە پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات و هەروەها سوپای لوبنانیش دەبێت ئەرکی خۆی راپەڕنێت و کۆتایی بە جەنگ بهنێت.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، سوپای لوبنان دەچێتە ناو دوو ناوچە، دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو دوو ناوچەیە. هەردوولا رێککەوتوون لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تواناکانی حزبوڵڵای لوبنانی. گفتوگۆییەکانیش لەسەر سنوورە وشکانییەکان بەردەوام دەبن، هەروەها ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا چەک دەکرێت. هەروەها ئامانجی هەردوولا نەهێشتنی هەژموونی ئێرانە بەسەر لوبنانەوە.