پاشماوەی گەشتیاران مەترسی لەسەر دارستانەکانی دهۆک دروست کردووە
هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی لە دارستانەکانی دهۆک زیاد کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رێکارەکانیان بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە توندتر کردووەتەوە.
دەستپێکردنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی لە ناوچە شاخاوییەکان هێناوەتە ئاراوە. بەردەوام هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی هۆشیاریی ژینگەییان هەبێت و سروشتی ناوچەکە بپارێزن. بەهۆی کەمتەرخەمییەکی بچووکەوە، ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە و سووتانی دارستان و زەویی جووتیاران هەیە.
هۆشیار وەیسی، بەرپرسی بەشی دارستان لە بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی دهۆک، بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "هیوادارم خەڵک و حکوومەت پێکەوە دارستانەکان بپارێزن. بەشێکی کەم لە دارستانەکان ماونەتەوە و پێویستە بیانپارێزین، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژانە 20 بۆ 30 کرێکار کار دەکەن بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە و رێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە".
لای خۆیەوە حوسێن زاویتەیی، موختاری ناوچەکە، ئاماژە بە گرنگیی پاراستنی سروشت دەکات و بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "پێویستە هەموومان بەرگری لە ژینگە بکەین. خەڵک نابێت پاشماوە و جگەرە فڕێ بدات، چونکە ئەمە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئاگرە".
هەروەها ئازاد حاجی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەکەیە، داوا لە گەشتیاران دەکات لە کاتی سەردانیکردنی سروشتدا بەرپرسیارانە رەفتار بکەن و پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە.
رۆژانە تیمەکانی دارستان بە ئامێری قورس زیاتر لە 500 مەتر پووش و پەڵاش لادەدەن، بەمەش پشتێنەیەکی ئاگر بە پانیی شەش مەتر دروست دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگر بۆ ناو دارستانەکان بکەن.
لایەنە پەیوەندیدارەکان رێنمایی دەدەنە گەشتیاران پاشماوەی جگەرە و خەڵووزی نێرگەلە فڕێ نەدەن. هەروەها جێهێشتنی شووشە و پاشماوەی پلاستیکی لەناو دارستانەکاندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ دروستبوونی ئاگر، بۆیە هەر کەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
فڕێدانی جگەرەیەک لە ئۆتۆمبێلەوە دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورە و سووتانی رووبەرێکی فراوان، بۆیە داوا لە شۆفێران و هاووڵاتییان دەکرێت پابەندی رێنماییەکان بن.