ئەرکان بیبانی:هەر بەکارهێنەرێکی ماددە هۆشبەرەکان خۆی رادەست بکات سزا نادرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ستراتیژییەکی بنەڕەتی دەکاتەوە بۆ بنبڕکردنی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. هاوکات لەگەڵ هەڵمەتە ئەمنییەکان، رێکارە یاساییەکان و چالاکییە هۆشیارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوامن بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لەو مەترسییە گەورەیە.

هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بە کوردستان24ی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی دەکات کە ئامانج لێی بنبڕکردنی تەواوەتی ماددە هۆشبەرەکانە.

بیبانی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان تەنیا لە سزاداندا چڕ نەبوونەتەوە، بەڵکو بەپێی ماددەی 38ی یاسای پەیوەندیدار، هەر کەسێک کە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووە و خۆی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەستپێشخەری بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لە سزا دەبەخشرێت و رەوانەی ناوەندەکانی چاکسازی و شیاندنەوە دەکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی هەڵمەتە هۆشیارییەکاندا، زانا شێخ وەسانی، بەرپرسی دەزگای ڕێ ڕوون بۆ هۆشیاری دژی ماددەی هۆشبەر، رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دابەشکردنی نامیلکەی هۆشیاری لە شوێنە گشتییەکان، مزگەوتەکان و پارکەکان دەستپێکردووە. ئامانجی ئەم هەڵمەتە گەیاندنی پەیامی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەرە بە گەنجان و خێزانەکان، بە جۆرێک کە بڕیارە زیاتر لە 171 هەزار نامیلکە لە سەرانسەری هەرێم دابەش بکرێت.

سەبارەت بە ئەنجامی کارە مەیدانییەکانیش، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی خستەڕوو. بەپێی ئامارەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 744 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە لەو ژمارەیە 485 کەسیان بازرگان بوون و 262 کەسیشیان بەکارهێنەر.

هەروەها لە رووی دەستبەسەرداگرتنی بڕی ماددەکانەوە، ئامارەکان دەری دەخەن کە 218 کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر و 1,897 شیت لە حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەم ئامارانە نیشانەی چڕی جەنگی دەزگا ئەمنییەکانن دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.