ئەمینداری پەرلەمانی عێراق: پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان هەڵگیرابوو
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار هەڵدەگرێت بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاوە داواکراون، ئەم هەنگاوەش ناکۆکییەکی توندی لە نێوان سەرکردە سووننەکاندا لێ دەکەوێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق واژۆی لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی ئەو پەرلەمانتارانە کردووە کە بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر بنەمای بڕیار و نووسراوی دادگا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان بە گەندەڵی، هەڵگیراوە.
گەرگەری گوتی، "بەپێی یاسا دەبێت هەڵگرتنی پارێزبەندی لە رێگەی دەنگدانەوە بێت، بەڵام لە کاتی پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان یان جێگرەکەی لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکدا، دەتوانن واژۆ لەسەر لابردنی پارێزبەندی بکەن".
ئەمینداری گشتیی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان دوێنێ شەممە، 27ـی حوزەیران، لە گەشتێکی فەرمی گەڕاوەتەوە عێراق و عەدنان فەیحانی جێگریشی لە ناوخۆی وڵاتدایە. هاوکات روونی کردەوە کاتی دروستی واژۆکردنی بڕیارەکە نازانرێت، بەڵام لەم یەک دوو رۆژەی رابردوودا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەم پرۆسەیە ناکۆکیی قووڵ لە نێوان محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی تەقەدووم و هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان دروست بووە و ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گرژییەکان بگەنە لووتکە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیران، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی گەورەیان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەست پێ کردووە.