چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گڵۆپی سەوزی بۆ عەلی زەیدی هەڵکردووە
سەرکردەیەک لە رەوتی نیشتمانیی حیکمە رایدەگەیەنێت، لایەنە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوان دژی گەندەڵی؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، سەباح ساڵحی، سەرکردە لە رەوتی نیشتمانیی حیکمە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان24" ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرکردەی لایەنە شیعەکانی لە بڕیاری دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی ئاگادار کردووەتەوە. بە گوتەی ساڵحی، زۆرینەی لایەنەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ سەرۆکوەزیران هەڵکردووە تاوەکو بە رێگاچارەی یاسایی و دەستووری رووبەڕووی گەندەڵکاران ببێتەوە.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو کەسانەی لە هەڵمەتەکەدا کراونەتە ئامانج، ساڵحی گوتی: "ڕاستە زۆرینەی ئەوانەی ئێستا دەستگیر کراون لە لایەنە سوننەکان و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانن، بەڵام ئەمە لێدانێکی سیاسی یان هەوڵێک بۆ لەناوبردنی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو تەنیا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە." جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لەناو لایەنەکانی ئەوانیشدا کەسانی گەندەڵ هەبن، پشتیوانی لە رێکارە یاساییەکان دەکەن.
ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەڵمەتە جۆرێک لە گرژی و ناکۆکی لەنێوان محەمەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی دروست کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە هەر کەسێک بێبەریبوونی لە تۆمەتەکان بۆ دادگا بسەلمێت، وەک پێشتر و بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەباح ساڵحی رەتیکردەوە ئەم هەڵمەتە پەیوەندیی بە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتنەوە هەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات. راشیگەیاند، هەڵمەتەکە هەموو وەزارەتەکان و هەر کەسایەتییەک دەگرێتەوە کە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر بێت، چونکە ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو ئەو لایەنانەی پێشتر داوای چاکسازییان دەکرد، لەسەر ئەرزی واقیع پشتیوانیی حکوومەت بکەن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیران، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.