دەم پارتی: تورکیا پێویستی بە ئاشتییەکی بەردەوام هەیە کە هەموو گەلان لە باوەش بگرێت

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیەنێت، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستییان بە ئاشتییەکی بەردەوام هەیە؛ هاوکات جەخت لە جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیە دەکاتەوە کە بۆ چارەسەری و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خراوەتە روو.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە بۆ داواکردنی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رێکخرابوو، رایگەیاند "ئەو قۆناخەی ئێمە پێی گەیشتووین، گۆڕانکارییە لەو مەرجانەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای کردوون و نەخشەڕێگایەک دەخاتە بەردەم هەموومان."

گوتەبێژی دەم پارتی هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ئەم نەخشەرێگەیە نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ترس و دڵەڕاوکێی زیاتر دروست دەکات.

 گوتیشی "داوا دەکەین هەرچی پێویستە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، چونکە ئێمە و تەواوی گەلانی تورکیا بۆ ئەو هەنگاوە ئامادەین."

ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا و ناوچەکە بە گشتی پێویستییان بە ئاشتییەکی بەردەوام هەیە.

 ئاماژەی بەوەش دا "تورکیا پێویستی بە ئاشتییەک هەیە کە هەموو گەلان لە باوەش بگرێت و کۆتایی بە ناسەقامگیری بهێنێت."