هەواڵگریی ئیسرائیل: حەماس خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن لە ئامادەکارییەکانی حەماس بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی، لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی کۆنترۆڵەکەی بەسەر کەرتەکەدا دەدات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی سەربازی و فەرماندەیی ناوچەی باشوور بڵاویکردەوە، بزووتنەوەی حەماس سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ جەنگێکی نوێ لە کەرتی غەززە.
ئەو بەرپرسانە ئارەزووی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کەرتەکەدا دەربڕیوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا دژی ئەم هەنگاوەیە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان، حەماس مانگانە سەدان بۆمبی چێندراو و مووشەکی دژەزرێپۆش بەرهەم دەهێنێت، شەڕکەری نوێ بۆ ریزەکانی زیاد دەکات و ژێرخانی سەربازیی ژێرزەوی لە سەرتاسەری غەززە نۆژەن دەکاتەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەو بەرپرسە باڵایانە هۆشدارییان داوەتە ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەوەی باڵی سەربازیی حەماس دەیەوێت سەرلەنوێ بچێتە ناو جەنگێکی نوێوە. روونیشیان کردووەتەوە، بزووتنەوەکە گەنجانی تەمەن 18 بۆ 22 ساڵان چەکدار دەکات و ماوەیەکە دەستی بە مەشقپێکردنی هێزە تایبەتەکانی کردووە.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، زنجیرەیەک راوێژ و کۆبوونەوەی چڕ لە قاهیرە لە نێوان گرووپە فەلەستینییەکان، لە نێویاندا حەماس و نێوەندگیرەکان بەڕێوەچوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەرتی غەززە.
لەو کۆبوونەوانەدا گرووپەکان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی قۆناخی یەکەمی پلانەکە کردەوە، مەرجی سەرەکیشیان کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل بوو پێش چوونە ناو قۆناغی دووەم.
رێککەوتنی ئاگربەست بە سەرپەرشتیی ئەمریکا لە ئۆکتۆبەری 2025 راگەیەنرا، تێیدا بڕیاردرا بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێڵی زەرد، ئەمەش وایکرد ئیسرائیل کۆنترۆڵی 53%ـی رووبەری کەرتی غەززەی بکات؛ بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆتایی مانگی رابردوو رایگەیاند، رێنمایی داوەتە سوپای وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی غەززە بۆ رێژەی 70%.