تابلۆی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان دەگۆڕدرێت

ناوی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەت بە پیتی ئینگلیزی لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان دەنووسرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان دەستیپێکردووە و لەمەودوا ناوی وەزارەت و دامەزراوەکان بە پیتی ئینگلیزی کورت دەکرێنەوە و لەسەر تابلۆکان دەنوسرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە دەست کوردستان24 گەیشتوون، هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ گۆڕینی تابلۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی دامەزراوە میرییەکان دانەنراوە، بەڵکو پرۆسەکە بەو شێوەیە دەبێت کە هەر ئۆتۆمبێلێکی حکوومی لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵیانەکەیدا، تابلۆ کۆنەکەی لێوەردەگیرێتەوە و تابلۆ نوێی پێدەدرێت.

ئەم بڕیارە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان (سەرۆکایەتیی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران) و سەرجەم وەزارەت، دەستە و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت دەگرێتەوە. لە گۆڕانکارییە نوێیەکەدا، پیتی ئینگلیزی وەک کورتکراوەی ناوی دامەزراوەکە لەسەر تابلۆکە جێگیر دەکرێت.

بۆ نموونە، لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پیتی PR دەنوسرێت، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران CM و بۆ پەرلەمانیش PA دیاریکراوە. هەروەها وەزارەتەکانیش بە هەمانشێوە دەبن؛ بۆ نموونە وەزارەتی دارایی کورتکراوەی MF (Ministry of Finance) لەسەر تابلۆکەی دەنووسرێت و بۆ دەستەی مافی مرۆڤیش پیتەکانی HR (Human Rights) بەکاردێت.