لە سنووری هەڵەبجە 9006 کەس داواکارییان بۆ دامەزراندن پێشکەش کردووە

ئەنجومەنی راژەی گشتی راپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی قۆناخی یەکەمی دامەزراندنی 250 کەس بە شێوەی گرێبەست لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکردەوە، کە تێیدا زیاتر لە 9 هەزار کەس فۆرمی داواکارییان پڕکردووەتەوە.

دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ داواکاریی دامەزراندن، ئەنجومەنی راژەی گشتی رایگەیاند، کۆی 9006 فۆرم تۆمارکراون. ئەم داواکارانە کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی 250 پۆست لە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەکەن، کە لەسەر میلاکی فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراون.

ئەنجومەنی راژەی گشتی بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر، چەند داتایەکی سەرەکیی پەیوەندیدار بەم قۆناخەی لە چوارچێوەی راپۆرتێکی شیکاریی بڵاوکردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە پرۆسەکە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامیی هەیە.

بڕیارە ئەنجامی قۆناخەکانی دیکەی ئەم پرۆسەیە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی راژەی گشتی بڵاو بکرێنەوە بۆ ئەوەی داواکاران لە ئەنجامەکان ئاگادار بن.

بۆ بینینی تەواوی راپۆرتەکە سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکە.