ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت گفتوگۆی لەگەڵ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەستپێکردووە
سێ سەرچاوەی ئێرانی و رۆژئاوای ئاشکرایان کردووە کە تاران گفتوگۆی لەگەڵ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەستپێکردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کڕیارە ژاپۆنییەکان هەوڵ دەدەن لێخۆشبوونی درێژخایەن لە سزاکانی ئەمریکا بەدەستبهێنن و گەرەنتیی ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداویان بدرێتێ.
هەینی 3ی تەممووزی 2026، سێ سەرچاوەی ئێرانی و رۆژئاوای بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، تاران دەستی بە دانوستاندن کردووە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ژاپۆنی بە مەبەستی فرۆشتنی نەوتی خاو پێیان.
بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی ئێرانی و ڕۆژئاوای، کۆمپانیا ژاپۆنییەکان کە کڕیاری نەوتی ئێرانن، جەخت لەسەر وەرگرتنی لێخۆشبوونی درێژخایەن لە سزاکانی ئەمریکا دەکەنەوە، هاوشانی وەرگرتنی دڵنیایی بۆ دابینکردنی بارودۆخێکی ئارام و بێمەترسی بۆ گواستنەوەی دەریایی و کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداودا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، لە چوارچێوەی لێخۆشبوونێکی کاتی لە سزاکانی چەند دەیە پێشوو، رێگەی بە فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی ئێران دابوو. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران دێت، لە بەرامبەر بەڵێنەکانی ئێران لەسەر رێگەدان بە پشکنینە ئەتۆمییەکان و دابینکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چین کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێران بووە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە کڕیارەکان لە کۆریای باشوور، ژاپۆن، هیندستان و ئەوروپا کڕینی نەوتی ئێرانیان بە تەواوی راگرت، کاتێک دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆی لە ساڵی 2018دا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزاکانی سەر تارانی توندتر کردەوە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەت و لێخۆشبوونی ئێستای سزاکان کە رێگە بە فرۆشتنی نەوتی خاو، پترۆکیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دەدات، تاوەکو 21ی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت.