لە رۆژئاوای کوردستان نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بۆ 25 دۆلار بەرزبووەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بڕیارێکی نوێ بۆ زیادکردنی نرخی کارەبا لە رۆژئاوای کوردستان ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ ئێستا نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە گەیشتووەتە 25 دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە فەرمانبەران تەواوی مووچەکەیان تەنیا بەشی تێچووی کارەباکەیان دەکات.

بڕیارێکی نوێ لە رۆژئاوای کوردستان بارگرانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە. بەگوێرەی بڕیارەکە، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 25 دۆلاری ئەمریکی دیاری کراوە. ئەم نرخە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە وەرزی گەرمایەکی تونددایە و پێویستیی خەڵک بۆ کارەبا و فێنککەرەوەکان لە لووتکەدایە.

هاووڵاتییانی سنوورەکە دەڵێن، دۆخی بژێوییان رێگە نادات ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ کارەبا دابین بکەن.

 خدر یوسف، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکات، "ئەگەر فەرمانبەرێک 80 دۆلار مووچە وەربگرێت، چۆن دەتوانێت 100 دۆلار تەنیا بۆ کارەبا بدات؟". لای خۆشیانەوە کاسبکاران دەڵێن نەبوونی کار و گرانیی سووتەمەنی وایکردووە نەتوانن تێچووی کارەبا بدەن.

لە لایەکی دیکەوە، دانیشتووانی گەڕەکەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کارەبا زۆر کەمە؛ لە هەندێک شوێن لە ماوەی 10 کاتژمێردا تەنیا یەک کاتژمێر کارەبا هەیە.

 عیزەدین سەدۆ، هاووڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت پێشتر نرخی هەر ئەمپێرێک نزیکەی 14 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نرخەکە بۆ نزیکەی دوو ئەوەندە زیادیکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەبوونی سووتەمەنی و ئاو و نان بووەتە کێشەیەکی رۆژانە.

بەپێی پێوەرەکان، ئەگەر هەر ماڵێک تەنیا 4 ئەمپێر کارەبا رابکێشێت، دەبێت مانگانە 100 دۆلار بدات، بەڵام زۆربەی ماڵەکان پێویستییان بە 8 ئەمپێر هەیە، کە تێچووەکەی دەگاتە 200 دۆلار. ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە ماوەی 15 ساڵە کێشەی کارەبا لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و تادێت دۆخەکە بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران قورستر دەبێت.