بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: دەستبەرداری چەکمان نابین و پێویستە حکوومەت ملکەچ بێت
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکەی نابێت و کار دەکات بۆ پەرەپێدانی توانای سەربازی و ئەمنی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی.
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا درەنگانی شەوی هەینی، ئاماژەی بەوە کردووە: "چەکەکەمان هەرگیز جێگەی سازش نییە، بەڵکو عەقیدە و پەیمانێکە لەسەر شانمان".
جەختیشیان کردەوە، تەنیا لەم ئاستەدا ناوەستن، بەڵکو بە هەموو هێزێکەوە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان لە رووی چەندایەتی و جۆرییەوە، تاوەکو لەگەڵ قەبارەی ئەو هەڕەشانە بگونجێت کە لەلایەن "ئیسرائیل و ئەمریکاوە" دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵا، هۆشدارییەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق و بەرپرسان کرد و داوای لێکردن "ملکەچی مقاوەمە بن".
حمێداوی رایگەیاند: کەتائیبی حزبوڵڵا لەسەر دەست و بە بڕیاری ڕێبەری کۆچکردووی ئێران دامەزراوە و پیاوەکانی تا ئێستاش لەسەر ئەو رێبازە بەردەوامن. هەروەها گوتیشی: بەشداریکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەم دواییانەدا، وەک "راپرسییەکی جەماوەری ملیۆنی بوو تێیدا عێراقییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ مقاوەمەی ئیسلامی و چەکەکەی دووپاتکردەوە."