وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئێران بڕیارێکی هەڵەی دا و ئێستا باجەکەی دەدات
وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا هەڕەشەی توند لە تاران دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئێران بژاردەیەکی هەڵەی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات.
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس لە کۆمێنتێکی کورتدا کە هاوپێچی کردبوو لەگەڵ راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەبارەت بە دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە رێنمایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدرا، نووسیویەتی: "ئێران بژاردەیەکی خراپی هەڵبژارد، ئێستاش باجەکەی دەدات."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی گەڕی سێیەمی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران راگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کرانە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
بەگوێرەی بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندی، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بە رێنمایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدراوە. لەم قۆناخەدا هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، کەشتی جەنگی و درۆن، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە. ئامانجەکان پێکهاتبوون لە شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆن، کۆگاکانی تەقەمەنی، تۆڕەکانی پەیوەندی و دامەزراوەکانی چاودێری کەناراوەکان، ئەمەش بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی ئێران بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
فەرماندەیی ناوەندیی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە دوای ئەوە هات کەشتییەکی بارهەڵگر بەناوی "ئێم ڤی جی ئێف ئێس گالاکسی" لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا رووبەڕووی هێرش بووەوە. بەم هێرشە نوێیانەش، کۆی گشتی ئەو ئامانجانەی سوپای ئەمریکا لەم هەفتەیەدا و لە سێ قۆناخی جیاوازدا لە ناوخۆی ئێران پێکایونی، گەیشتە زیاتر لە 300 ئامانجی سەربازی.