قەتەر: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا 3 کەس بریندار بوون
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، لە دوای هێرشەکانی ئێرانەوە، دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانەکانی وەڵامدانەوەی خێرا کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەلامەتی گشتی هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی ئەو مووشەکانەی تێکشکێنراون، 3 کەس بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە، راشیگەیاندووە، سەرجەم بریندارەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
سەبارەت بە سیستمی ئاگادارکردنەوە، وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەی دا کە چالاککردنی زەنگی ئاگادارکردنەوەی نیشتمانی تەنها لە کاتی پێویستدا دەبێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بەپەلە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەت داوای لە هاووڵاتیان کرد کە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، وێنە و ڤیدیۆی نادروست، بە پێچەوانەوە سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
هەروەها جەختی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئامادەباشی تەواودان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵگا و بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئێران شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر وڵاتانی بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و کوەیت دەستپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریکا کردبوویە سەر تاران، لە کاتێکدا ناوچەکە گرژییەکی ئەمنی توندی بەخۆیەوە بینیوە.