کورد بەهێزترین دەنگی پشتیوانکاری لە کۆنگرێس لەدەستدا
ماڵئاوایی دەنگی کورد لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
لیندزی گراهام ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی باڵی هەڵۆکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کە یەکێک بوو لە دەنگە بەهێزەکانی پشتیوانیی لە گەلی کورد، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سێناتۆر، لیندزی گراهام، ئەندامی دیاری ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، کە شەوی رابردوو، گراهام بە نەخۆشییەکی کتوپڕ لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
خانەوادەی گراهام لە رێگەی نووسینگەکەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانەیان کرد کە لەم کاتە سەختەدا هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە. کۆچی دوایی گراهام کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە، بەو پێیەی یەکێک بوو لە کاریگەرترین داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و دۆستێکی نێزیکی کورد.
ژیان و کاروانی سیاسی
لیندزی گراهام لە ساڵی 1955 لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1981 دا پەیوەندی بە هێزی ئاسمانی سوپای ئەمریکاوە کردووە.
ژیانی سیاسی گراهام لە ساڵی 1995دا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیپێکرد و دواتر بووە یەکێک لە سێناتۆرە هەرە دیارەکانی ئەمریکا. گراهام کە هەرگیز هاوسەرگیری نەکردووە، یەکێک بوو لە سیاسییە هەرە نزیکەکان لە دۆناڵد ترەمپ و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بڕیارە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی هەبوو.

داکۆکیکارێکی سەرسەختی هەرێمی کوردستان
بۆ گەلی کورد، لیندزی گراهام تەنیا سێناتۆرێکی ئەمریکی نەبوو، بەڵکو وەک قەڵخانێکی سیاسی لە واشنتن دەبینرا. گراهام سەرپەرشتی هەڵمەتێکی فراوانی کرد بۆ پاراستنی کورد لە نێو ئەنجوومەنی پیران، کە لووتکەی هەوڵەکانی لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای "Save the Kurds Act" (یاسای پاراستنی کورد) لە ساڵی 2026دا رەنگی دایەوە؛ ئەم یاسایە ئامانجی سزادانی ئەو لایەنانە بوو کە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد و ئامانجێکی دیکەشی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە لە هەڕەشە دەرەکییەکان.
دوایین وێستگە گراهام لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی
دواکۆبوونەوەی لیندزی گراهام لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە 29ی شوباتی 2024دا بوولە واشنتن. لەو کۆبوونەوەیەدا، گراهام بەڵێنی دابوو کە هەمیشە پشتیوانی لە "کوردستانێکی بەهێز" بکات.
سێناتۆر گراهام لەو دیدارەدا جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی مافە داراییەکان و بەشەبوودجەی هەرێم، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردبووەوە. مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی گراهامی کردبوو، کە هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا لەپاڵ گەلی کورد وەستاوە.
بۆشایی کۆچی دوایی لیندزی گراهام لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکادا بە روونی هەستی پێدەکرێت، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە بەهێزترین و دڵسۆزترین داکۆکیکارەکانی خۆی لە واشنتن لەدەستدا.