توێژینەوەیەک: خواردنەوەی کحول تووشی حەوت جۆر نەخۆشی شێرپەنجەت دەکات
دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا هۆشدارییەکی نوێی لەبارەی زیانەکانی خواردنەوە کحولییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرجەم جۆرەکانی کحول ئەگەری تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە زیاد دەکەن، تەنانەت ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بەکاربهێنرێن.
دامەزراوەکە لە رێگەی پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام روونکردنەوەی داوە، زیانە تەندروستییەکان پەیوەندییان بە جۆرێکی دیاریکراوی خواردنەوەوە نییە، بەڵکو خودی ماددەی کحولەکە هۆکاری سەرەکییە، ئاماژە بەوەش کراوە، وازهێنان لە بەکارهێنانی کحول، راستەوخۆ مەترسییەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی دامەزراوەکە، کحول دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی حەوت جۆری جیاوازی شێرپەنجە، لەوانە، شێرپەنجەی مەمک و ریخۆڵە، شێرپەنجەی دەم و ددان، شێرپەنجەی جگەر و هەندێک جۆری قوڕگ.
دامەزراوەی توێژینەوە شێرپەنجەی بەریتانیا کۆمەڵێک هەنگاوی پراکتیکی بۆ خەڵک دیاری کردووە بە مەبەستی پاراستنی تەندروستییان:
-چاودێریکردنی بەردەوامی خووەکانی خواردنەوە و دانانی ئامانجی روون.
-دیاریکردنی چەند رۆژێکی تایبەت لە هەفتەدا بەبێ خواردنەوەی کحول.
-بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان بە بەدیلە سروشتی و غەیرە کحولییەکان.
-دوورکەوتنەوە لە کڕینی کحول و کۆنەکردنەوەی لە ماڵەکاندا.
هەروەها تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا (NHS) هۆشداری داوە کە خواردنەوەی رۆژانەی 140 مل کحول بۆ ماوەی 10 بۆ 20 ساڵ، دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ و جگەر، و زیانگەیشتن بە کۆئەندامی دەمار. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان زیادەڕۆیی لە کحول و تێکچوونی تەندروستی دەروونی و زیادبوونی رێژەی خۆکوشتندا هەیە.