لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی رزگاری بە شێوازێکی هاوچەرخ نۆژەن دەکرێتەوە

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەرفراوان بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخان و بەشەکانی نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیای دەرمان و چارەسەرە بۆ هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەمموزی 2026، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گشتی تەندروستی، ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی تەمموزی 2026، شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی نەخۆشخانەی رزگاریان لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و دەستەی كارگێڕی و پزیشك و كارمەندانیانەوە پێشوازی لێكرا.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سەردانە بە مەبەستی لەنزیكە ئاگاداربوون بوو بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەرفراوانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەكە، کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروستی گونجاوتر و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت. 

هەروەها باس لەوە کراوە، پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی تەواوی ژێرخانی نەخۆشخانەکە، لەوانەش هۆڵەکانی نەخۆش، بەشەکانی فریاکەوتن، و ژوورەکانی نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت، هاوشان لەگەڵ دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێری پزیشکی پێشکەوتوو و باشترکردنی سیستەمەکانی ساردکەرەوە، گەمرکەرەوە و ڕووناکی بۆ دابینکردنی ئارامی زیاتر بۆ نەخۆش و کارمەندانی پزیشکی.

پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر راسپاردە و فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، گرنگی و بایەخێکی یەکجار زۆری بە کەرتی تەندروستی گشتیی داوە و حکوومەتی هەرێم لە رێگەی دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ، نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی ناوەندە پزیشکییەکان، و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی شایستە، هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم هاووڵاتییان.

نەخۆشخانەی رزگاری وەک یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین نەخۆشخانە فێرکارییەکانی هەولێری پایتەخت و رۆژانە پێشوازی لە سەدان نەخۆش دەکات، و ئەم پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەیەش دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورەی کوالیتی لە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی شارەكە و ژینگەیەکی شایستەتر و باشتر بۆ پزیشکان و هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات.