لێکۆڵینەوەیەک: وەرزشی تایی چی ئازاری درێژخایەنی پشت کەمدەکاتەوە

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری دەخات، ئەنجامدانی وەرزشی "تایی چی" کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی ئازاری درێژخایەنی پشت هەیە و یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بە شێوەیەکی ئاسانتر جووڵە و چالاکییە رۆژانەکانیان ئەنجام بدەن.

توێژەران شیکردنەوەیان بۆ ئەنجامی 8 لێکۆڵینەوەی کلینیکی کردووە کە 526 نەخۆشی ئازاری درێژخایەنی پشتیان تێدا بەشدار بووە. لەو لێکۆڵینەوانەدا کاریگەری وەرزشی تایی چی بەراورد کراوە بە چاودێرییە ئاساییەکان، وەرزشەکانی دیکە. بەشداربووان بۆ ماوەی نێوان 4 بۆ 12 هەفتە و بە رێژەی 2 بۆ 5 جار لە هەفتەیەکدا، مەشقیان کردووە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە وەرزشی تایی چی بە شێوەیەکی بەرچاو، توندیی ئازاری کەمکردووەتەوە، بە جۆرێک پلەی پێوەری ئازار بە تێکڕای 1.4 خاڵ دابەزیوە. توێژەران ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە بۆ سروشتی لەسەرخۆی تایی چی دەگەڕێننەوە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکەکانی جەستە، رێکخستنی هەناسەدان و کەمکردنەوەی گرژییە دەروونی و جەستەییەکان.

تیمی زانستیی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن، تایی چی دەکرێت وەک بژاردەیەکی سەلامەت و بەردەست لە ناو بەرنامەکانی دووبارە راهێنانەوەی نەخۆشانی پشت بەکاربهێندرێت، بەڵام جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە پێویستییان بە لێکۆڵینەوەی فراوانتر هەیە بۆ گەیشتن بە رێنمایی وردتر.

لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەکی زانکۆی باشووری ئوسترالیا ئاشکرای کردووە، دووبارە فێربوونەوەی جووڵە سەرەتاییەکانی "منداڵ" وەک خشان، خلۆربوونەوە، دەتوانێت هەستی ناڕەحەتی کەم بکاتەوە و ئازاری درێژخایەنی پشت لای کەسانی پێگەیشتوو سووک بکات.

تای چی هونەرێکی جەنگیی دێرینی چینییە و بە "میدیتەیشن لە کاتی جووڵەدا" دەناسرێت، کە پشت بە جووڵەی لەسەرخۆ، ریتمی و هەناسەدانی قووڵ دەبەستێت. ئەم وەرزشە وەک رێگەیەکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی سترێس، باشترکردنی هاوسەنگی و زیادکردنی نەرمونیانی جەستە بەکاردێت. بەهۆی ئەوەی فشارێکی کەم دەخاتە سەر جومگەکان، بۆ هەموو تەمەنەکان گونجاوە و سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەیە.