بەرپرسێکی ئەمریکی: لە گەرووی هورمز چەند هێرشێکمان کردە سەر ئێران

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی نوێی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز، کە تێیدا سیستەمە مووشەکییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج.

یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، کاتژمێرێک پێش ئێستا، سوپای ئەمریکا چەند هێرشێکی چڕی بۆ سەر چەند خاڵێکی جیاواز لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی هورمز ئەنجام داوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، ئامانجی هێرشەکان پەکخستنی سیستەمە مووشەکییەکان و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران بووە، لەگەڵ تێکشکاندنی ژمارەیەک لە بەلەمە خێرا و بچووکەکانی سوپای پاسداران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە بەندەر عەباس و دوورگەی قشم بیستراوە؛

حوسێن ئەمیرتەیمووری فەرمانداری قەشم بە ئاژانسی "ئیرنا" ڕایگەیاند لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 10 بۆ 11 موشەک یان درۆنی دوژمن دوورگەی قەشمیان بۆردوومان کرد.

ئاماژەشی دا، "تەواوی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێگەی سەربازی بوون؛ خۆشبەختانە ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە."

لە لایەکی دیکەوە، پارێزگاری هورمزگان لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاکان، پەردەی لەسەر زیانە گیانییەکانی دوایین شەپۆلی هێرشەکانی ئەمریکا لادا و ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەم هێرشانەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە سنووری پارێزگاکەمان هەن."

بەپێی گوتەی پارێزگار، لە نێو قوربانییەکاندا نوح مەهدەوی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پارێزگای هورمزگان، گیانی لەدەستداوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هورمزگان ئاماژەی بەوە کرد، لانی کەم دوو کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چاودێری و چارەسەری وردی پزیشکیدان."