بلومبێرگ: عێراق بۆ نەوتەکەی بە دوای کڕیار دەگەڕێت
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە دواساتەکاندا بڕێکی زۆر لە نەوتی خاوی خستووەتە بەردەم کڕیاران، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی کرێی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچە قووڵەکانی کەنداودا دروستی کردووە.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، کشانەوەی بەشێک لە بازرگانانی نەوت بووەتە هۆی بەردەستبوونی بڕێکی زیاتری نەوت، ئەمەش وای لە سۆمۆ کردووە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا نەوتی خاو بۆ بارکردنی بەپەلە بخاتە بەردەم لانیکەم دوو کۆمپانیای نێودەوڵەتی. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەگەر عێراق نەتوانێت کڕیار یان کەشتیی پێویست دەستەبەر بکات، ئەم پەککەوتنە گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە کاتێکدا تێچووی گواستنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و بازاڕەکانی جیهانیش لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە.
بەگوێرەی لێکدانەوەکانی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە داتاکانی بۆرسەی بەڵتیک، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە کەنداوی عومانەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا، نزیکەی 20 دۆلار بۆ نرخی هەر بەرمیلێک زیاد دەکات، کە دەکاتە پێنجیەکی بەهای نەوتەکە، بەتایبەت لە کاتی بارکردندا نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگ تێچووی گواستنەوە بەشێکی زۆر کەم بوو لە نرخی گشتی.
بەهۆی ئەوەی پێگەی جوگرافیی عێراق بەراورد بە دراوسێکانی دوورترە لە گەرووی هورمز، بەغدا رووبەڕووی گرفت و ئاستەنگی زیاتر بووەتەوە لە پرۆسەی گواستنەوەدا و ناچار بووە زیاتر پشت بە کۆمپانیا بازرگانییەکان ببەستێت. هەروەها سۆمۆ داشکاندنی بەرچاوی پێشکەش کردووە و لە تەندەرە نوێیەکاندا نرخی هەردوو خاوی بەسرەی مامناوەند و بەسرەی قورسی دابەزاندووە بۆ ئەوەی سەرنجی کڕیاران رابکێشێت.
عەلی نزار، سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ پێشتریش لە 20ـی ئەیلوول ئاشکرای کردبوو، کێبڕکێی توندی دەوڵەتانی کەنداو بۆ فرۆشتنی نەوتەکەیان وای کردووە بەشێک لەو کۆمپانیایانەی پێشتر نەوتی عێراقیان بار دەکرد، روو لە دابینکەری دیکە بکەن داشکاندنی زیاتریان پێشکەش کردووە، بەوەش بەشێک لە نەوتی عێراق بێ کڕیار و بارکردن ماوەتەوە.
هەرچەندە تا ئێستا بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە کام لە بازرگانان لە کڕینی ئەو بارانە پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە، پێشتر هەریەک لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵ، ترافیگۆرا، تۆتاڵ ئینێرجیز و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبو زەبی بەشدار بوون لە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.