ئۆکرانیا ئاگری لە چەند ناوچەیەکی پیشەسازی رووسیای بەردا

پارێزگاری ستافرۆپۆل لە باشووری رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی سوپای ئۆکرانیاوە، ئاگرێکی گەورە لە ناوچەیەکی پیشەسازیی ئەو بەشە کەوتووەتەوە.

ڤلادیمێر ڤلادیمێرۆڤ، پارێزگاری ستافرۆپۆل لە باشووری رووسیا ئەمڕۆ دووشەممە، ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا رووبەڕووی هێرشە درۆنییەکان بووەتەوە، بەڵام بەهۆی پاشماوەی هێرشەکانەوە ئاگر لە ناوچەی پیشەسازیی ڤیازنیكی کەوتووەتەوە.

راشیگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

ڤلادیمێرۆڤ هۆشداریی دایە دانیشتووانی ناوچەکە کە مەترسیی هێرشی درۆنەکان هێشتا بەردەوامە و داوای لێ کردن وریایی بنوێنن.

لەلایەکی دیکەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 11 درۆن لە ئاسمانی دەوروبەری پایتەخت بخەنە خوارەوە کە ئاراستەی شارەکە کرابوون.

ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی ئۆکرانیادایە بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی لەناو قوڵایی خاکی رووسیا، تێیدا زیاتر دامەزراوەکانی وزە و ناوچە پیشەسازییەکان دەکاتە ئامانج. کیێڤ ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانە بەردەوامەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی ئۆکرانیا وەسف دەکات.