ترەمپ: ئەگەر هەموومان دژی ئێران یەکگرتوو بین، جیهان رزگاری دەبێت
سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە بەردەم 81ەمین کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، باڵادەستیی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەی وەک بەهێزترین لە مێژوودا ڕاگەیاند و گوتی: بە شانازییەوە پێتان دەڵێم ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ لە هەموو کات بەهێزترە؛ ئابووریی وڵاتەکەمان جێگەی ئیرەیی جیهانە، سوپاکەمان بەهێزترینە لەسەر زەوی و تەکنۆلۆجیامان بێ هاوتایە. وزەی ئەمریکا ئێستا سووتەمەنی بۆ سەرانسەری هەسارەکە دابین دەکات و داهاتوومان لەوپەڕی گەشانەوەدایە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی پرسی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند، من ئێستا بڕیارێکی گەورەم لەبەردەمدایە: ئایا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم کە ڕێگەی پێبدات وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ببێتە وڵاتێکی زۆر مەزنتر لەوەی پێشتر هەبوو؟ یان ئەوەتا کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لەناوببەم، بەبێ ئەوەی هیچ هیوایەکی مانەوە بۆ نەوەکانی داهاتوویان بمێنێت؟ من باوەڕم وایە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردن دەگەینە ڕێککەوتن، چونکە هیچ مانایەکی نییە ئەگەر ئەوان ڕێکنەکەون؛ ئەوان چاوەڕێن ببینن من لە هەڵبژاردندا چی دەکەم، بەڵام تێناگەن کە من پێشتر بە بردنەوەیەکی گەورە بردمەوە.
ترەمپ پەردەی لەسەر دانوستانەکانی ڕابردووی لەگەڵ تاران هەڵدایەوە و گوتی: کاتێک ساڵی ڕابردوو دەستبەکار بووم، دەستبەجێ دانوستانم لەگەڵ ئێران کرد و هاوکاریی تەواوی ئابووریم پێشنیاز کرد لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی و تیرۆر، بەڵام ئەوان بە تەواوی ڕەتیانکردەوە و تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون. ئێران شەقاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام چیتر شەقاوە نییە. لە یەکەم ڕۆژی هاتنم بۆ گۆڕەپانی سیاسی هەڵوێستم نەگۆڕ بووە؛ هەرگیز ڕێگە نادەم ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ داوای لە وڵاتانی جیهان کرد ئێران گۆشەگیر بکەن و ڕایگەیاند: "داوا لە سەرجەم نەتەوەکان دەکەم هاوبەشمان بن لە سەپاندنی گۆشەگیری و ئابڵۆقەی تەواوی ئابووری بەسەر ئێراندا، تا ئەو کاتەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی دەوەستێنن و دەست لە ئاژاوەگێری هەڵدەگرن. ئەم دەسەڵاتە لاواز و بێچارەیە نەک بەهێز؛ ئەمساڵ زیاتر لە 72 هەزار هاووڵاتیی خۆیان کۆمەڵکوژ کردووە، کە تەنیا لەم دواییانەدا 10 هەزار کەسیان لەبەر خۆپیشاندان کوشت".
ترەمپ بە توندی باسی لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل کرد و گوتی: دوو هەفتەی تر سێیەمین ساڵیادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل دەکەینەوە، کە تێیدا ئەو گرووپە بە پارەی ئێران 1200 هاووڵاتیی بێتاوانیان کوشت و پارچەپارچە کرد، لەنێویاندا دەیان ئەمریکی و منداڵی زۆر ساوا هەبوون، ئەوان مووشەکێکیان دروستکردووە کە دەگاتە ئەوروپا و شانازیی پێوە دەکەن، هیوادارم ئەوروپییەکان تێبگەن کە ئامانجی ئێران ئەوە بوو لە پشت ئەو قەڵخانی مووشەکییەوە بە پەلە بگاتە بۆمبی ئەتۆم.
دەربارەی کەرتی نەوت و گەرووی هورمز، ترەمپ ئاشکرای کرد: هێزی دەریایی ئەمریکا لەم دواییانەدا بە پارێزراوی پاسەوانیی لە زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوت کردووە لە گەرووی هورمزدا. ئێستا زۆر زیاتر لە سەرەتای شەڕەکە نەوت دەڕوات؛ ئێمە ڕۆژانە و شەوانە تا 37 کەشتی بە سەلامەتی دەردەکەین و دەبێت هەمووان یەکگرتوو بن لە بەردەوامبوونی فشارەکاندا.
ترەمپ جەختی لە دەستکەوتەکانی لە بواری ئاشتیدا کردەوە و ڕایگەیاند: لە کاتێکدا ئەوانی تر قسەیان دەکرد، من کارم کرد. کۆتاییمان بە جەنگ لە غەززە هێنا و هەزاران ژیانمان ڕزگار کرد و سەرجەم بارمتەکانمان گەڕاندەوە. لە نزیکەوەش لەگەڵ سەرکردەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا کار دەکەین بۆ ئەوەی زۆر خێرا ئەو جەنگەش یەکلایی بکەینەوە، چونکە مانگانە 25 هەزار گەنج دەمرن و دیمەنی ئەو کوشتارە تۆقێنەرە. سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێی گوتم ترەمپ 30 ملیۆن ژیانی ڕزگار کرد؛ سەرۆکی ئازەربایجان گوتی ترەمپ لە شەش مانگدا موعجیزەی خولقاند؛ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیاش گوتی ئەم ئاشتییە بەبێ ترەمپ نەدەهاتەدی.
لەبارەی ڤەنزوێلاوە، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییدا و گوتی: کردەوەکانی ئێمە لە ڤەنزوێلا سەلماندی کە ئەمریکا چیتر ڕێگە نادات هیچ مەترسییەک لە تەواوی نیوەگۆی ڕۆژئاوادا پێگە پەیدا بکات و لە کاتی پێویستدا هێزی سەربازیی بێوێنەمان بەکاردەهێنین. ئەمریکا و ڤەنزوێلا پێکەوە خاوەنی زیاتر لە 60%ی نەوتی هەموو جیهانن؛ ئەمە لەوانەیە گەورەترین مامەڵە یان جەنگ بووبێت کە کرابێت و دەستکەوتەکانیش بۆ سەرکەوتووەکانە.
دۆناڵد ترەمپ ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کەمیی جبەخانەی ئەمریکا دەکەن و ڕایگەیاند: ترسنۆک و ناپاکەکان دەڵێن چەکمان کەمە، بەڵام ئەوە درۆیە؛ ئێمە ئەوەندە تەقەمەنیمان هەیە کە بە خەیاڵیشدا نایەت بەکاریبهێنین و بە خێراییەکی بێوێنەش کۆگاکانمان پڕ دەکەینەوە. ئێستا 18 گەورە کارگەی نوێی چەک و تەقەمەنی لەلایەن مەزنترین کۆمپانیاکانی بەرگری لە ئەمریکا لەژێر دروستکردندان و بەم زووانە دەکرێنەوە.
نوێ دەکرێتەوە..