ترەمپ: گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران جێبەجێ دەکرێتەوە

سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری دا گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە ئێرانییەکان و کڕیارەکانیاندا دابخات. ترەمپ, ویلایەتە یەکگرتووەکانی وەک "پاسەوانی گەرووی هورمز" ناساند و رایگەیاند کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە، بە رێژەی 20% قەرەبوو لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز وەردەگرین.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا رایگەیاند، گەرووی ستراتیژیی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام بەبێ بەشداریی ئێران. ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بڕیاری داوە گەمارۆیی دەریایی بەسەر ئێران لە گەرووەکە جێبەجێ بکات، کە ئامانج لێی رێگریکردنی تەنیا کەشتییەکانی ئێران و کڕیارەکانیانە لە چوونەژوورەوە یان چوونەدەرەوە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتانی دیکە دەتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئازاد سوود لە گەرووەکە وەربگرن، بەڵام لەمەودوا ئەمریکا بە فەرمی وەک پاسەوانی گەرووی هورمز مامەڵە دەکات.

ترەمپ رایگەیاند، وەک پرەنسیپێکی دادپەروەری، دەبێت ئەمریکا بەرامبەر ئەو ئەرکە ئەمنییەی دەیگرێتە ئەستۆ قەرەبوو بکرێتەوە. بەپێی بڕیارەکە، بە رێژەی 20% قەرەبوو وەردەگرین لە هەموو ئەو کاڵا و بارانەی کە لە گەرووەکەوە دەگوازرێنەوە، تاوەکو تێچووی دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتی لەو ناوچە پڕ گرژییەی جیهاندا دابین بکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و پێکهێنانی هێزی پێویست دەستبەجێ دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی و فشار خستنە سەر کەرتی وزەی ئێران تەماشا دەکرێت.

هاوکات حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، واشنتن بە شێوەیەکی جددی ئاسایشی دابینکردنی وزەی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە و دەبێت بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکان هەڵبگرێت.

موحیبی جەختی کردەوە، تاران بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی سەروەری و بەڕێوەبردنی تەواوەتی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا و رێگە بە هیچ جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی نادات.

لەلایەکی دیکەوە، خاتەم ئەلئەنبیا هۆشداریی دا، سوپای ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادات ئەمریکا دەستوەردان لە کاروباری بەڕێوەبردنی ئەو رێڕەوە ئاوییەدا بکات.

هەروەها هۆشدارییەکی راستەوخۆی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد و گوتی: "هەر وڵاتێکی ناوچەکە هاوکاریی ئەمریکا بکات لەم ململانێیەدا، تاران وەک لایەنی شەڕ و کردەوەیەکی جەنگی دژی خۆی هەژماری دەکات."