ئیمارات: تاران بە مووشەکی کرووز دوو نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانج
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری لە ناو ئاوەکانی عومان، رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکیی کرووزی ئێران بوونەتەوە؛ بەهۆی هێرشەکەوە دەریاوانێکی هیندی کوژراوە و هەشت دەریاوانی دیکەی بریندار بوون، هاوکات ئەبووزەبی بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لە مافی وەڵامدانەوەی سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە.
سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەردوو کەشتیی نەوتهەڵگری مۆمباسا و باهیە لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و لەناو ئاوەکانی سوڵتەنشینی عومان، رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بوونەتەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، تاران مووشەکی جۆری کرووزی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەم هێرشەوە یەکێک لە ئەندامانی تیمی کەشتیی مۆمباسا کە رەگەزنامەی هیندییە کوژراوە، هەروەها هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون کە چواریان باری تەندروستییان ناجێگیرە. بریندارەکان پێکهاتوون لە شەش هاووڵاتیی هیندی و دوو هاووڵاتیی ئۆکرانی. لە رووی ماددییەوە، هەردوو کەشتییەکە تووشی زیان بوون و ئاگر لە ناوەندیاندا کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکان توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە وەسفی کرد. وەزارەتی بەرگری جەختی کردەوە کە دەوڵەتی ئیمارات مافی تەواوەتی وەڵامدانەوەی بۆ ئەم پەرەسەندنە بۆ خۆی دەپارێزێت و هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی خاک، خەڵک و سەروەریی نیشتمانیی خۆی.
وەزارەتی بەرگری ئامادەباشیی تەواوی هێزەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاریی ناڕاست.