بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە زاخۆ دەستپێدەکات
13 هەزار فەرمانبەری زاخۆ مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە
سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ رایدەگەیەنێت، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواو بووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە، ئاماژە بەوەش دەدەن کە تەواوی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکە نوێیەکان دابین دەکرێن.
یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە کوردستان24ی راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتییان بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان پێکهێناوە و وردبینی بۆ زۆرینەی ناوی ئەو فەرمانبەرانە کراوە کە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە. گوتیشی: "دوێنێ زیاتر لە 600 پارچە زەویمان بەشێوەی تیروپشک بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش کرد و ئامادەکاریی تەواومان کردووە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی رابگەیەنین."
سەرۆکی شارەوانی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن، دەکەونە شوێنی گونجاو و گرانبەهای شارەکە، جەختیشی کردەوە کە تەواوی خزمەتگوزارییەکان لە ئاو، کارەبا و رێگاوبان بۆ زەوییەکان و گەڕەکە نوێیەکان دابین دەکرێن.
بەگوێرەی دوایین داتاکان، نزیکەی 13 هەزار فەرمانبەر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و پرۆسەی وردبینی لە زۆرینەی ناوەکان تەواو کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئایاری رابردوودا 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە دابەش کراوە و بڕیارە تەواوی زەوییەکان لە سەنتەری زاخۆ بە فەرمانبەران بدرێن.
ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە لە 27ـی ئاداری 2024، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچوو، بە مەبەستی دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون و بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە