گەرمای شارەکان گەشتیارانی بەرەو کوێستانەکانی جۆلەمێرگ بردووە
گۆمە ئاوییەکان و چیا بڵندەکانی باکووری کوردستان و بەنمرەی یەک جۆلەمێرگ بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران.
لە دەمێکدا گەرما باڵی بەسەر شارەکانی تورکیادا کێشاوە، گۆمە ئاوییەکان و کوێستانە بەرزەکانی باکووری کوردستان بوونەتە پەناگەیەکی فێنک. بەفر هێشتا لووتکەی چیاکانی جێنەهێشتووە. ئەم دیمەنە فێنک و بەفراوییانە سەرنجی هەزاران گەشتیاریان بۆ لای خۆیان راکێشاوە.
لە ناوەڕاستی وەرزی هاویندا، مانەوەی بەفر لەسەر لووتکە بەرزەکان و خوڕەی ئاوی بەفراو بوونەتە ناونیشانێکی دیار بۆ پارێزگای جۆلەمێرگ. دەستەیەکی گەشتیاری لە شاری ئیستانبوڵەوە روویان لە ناوچەکە کردووە. دیمەنی دەڤەرەکە و پاراستنی ژینگە لەلایەن دانیشتووانەکەوە ئەوانی زۆر سەرسام کردووە.
گەشتیاران تەنیا بە کەشوهەوا سەرسام نین، بگرە پاکوخاوێنیی ژینگە و هەڵسوکەوتی دانیشتووانی دەڤەرەکەش جێگەی سەرنجیانە. یەکێک لە گەشتیارەکان باس لە دڵخۆشیی خۆی دەکات و دەڵێت: "بەڕاستی سروشتێکی سەرنجراکێشە، ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام نەبوونی هیچ پاشماوەیەک لەم سروشتەدا بوو. دانیشتووانی ئێرە زۆر بە رێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەکاندا دەکەن. پێویستە مرۆڤەکان بە ترسەوە سەیری ئێرە نەکەن، بەڵکو بێن و بە چاوی خۆیان بیبینن."
دۆڵی بەهەشت و دۆزەخ لە ناوچەی گەڤەڕ یەکێکە لە شوێنە ناوازەکان و وەک پارچەیەکی دەستلێنەدراو ماوەتەوە. دانیشتووانی شارە گەورەکان زۆر ئاشنای ئەم دەڤەرە نین. گەشتیارێکی دیکە چیرۆکی هاتنی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئارەزووی شاخەوانیم هەبوو. کەمێک پێش ئێستا کاتێک بە هاوڕێکانم گوت دەچم بۆ جۆلەمێرگ، بە سەرسوڕمانەوە گوتیان شوێن نەماوە بۆی بچیت؟ بەڵام ئێستا لێرەم و هیچ پەشیمان نیم. گۆمە بەستووەکان و دۆڵەکانی ئێرە وەک بەهەشت وان. ئەوەی زۆر کاری تێکردم میواندۆستی و رووخۆشیی دانیشتووانەکەیە، هێندە وزەیەکی ئەرێنیت پێ دەبەخشن خەندە دەخەنە سەر لێوت."
پزیشکێک لە ئیستانبوڵەوە سەردانی دۆڵی بەهەشت و دۆزەخی کردووە و باس لەوە دەکات ئێرە شوێنێکی بێوێنەیە بۆ گەشتکردن. ئەو پزیشکە دەڵێت: "ئێمە لە شاری گەورەوە هاتووین بۆ ئەوەی کەمێک لە نێو سروشتدا بین، بێگومان ئەگەر ئاسانکاریی زیاتری بۆ دابین بکرێت زۆر جوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ناوچەیە ئارامی بە دڵ و دەروون دەبەخشێت."
گەشتیاران بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکەنەوە پێویستە گەشتیارانی دیکە سەردانی ئێرە بکەن، بەڵام هاوکات بنەمای سەرەکیش پاراستنی سروشتەکە و هەڵسوکەوتی جوانە لەگەڵ ژینگەکەدا.
ئەو کوێستان و ناوچە شاخاوییانەی کوردستان لە رابردوودا تەنیا وەک لانکەی شۆڕش و بەرخودان دەناسران، ئێستا بوونەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری و ساڵانە هەزاران کەس روویان تێدەکەن. جوانیی سروشت و دڵگیریی دەڤەرەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەر کەسێک یەک جار سەردانیان بکات، ببێتە هۆگریان و بیەوێت لە ساڵانی داهاتووشدا گەشتەکەی دووبارە بکاتەوە.