شەش هەزار کەشتیوان لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە
سکرتێری گشتیی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ئارسێنیۆ دۆمینگێز رایگەیاند، شەش هەزار کەشتیوان لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری ئارسێنیۆ دۆمینگێزەوە بڵاویکردەوە، گەرووی هورمز تا ئێستاش مەترسییەکی یەکجار زۆری بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان هەیە و تا ئێستا شەش هەزار کەشتیوان گیریان خواردووە، دەشڵێت، پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەن کە سەلامەتی بۆ کەشتیوانەکان لە گەرووی هورمز دابین دەکەن.
ئەم گوتانە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت، کە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی هەموو ئەو رێگایانە کرد کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیی پێیدا تێدەپەڕن، هەروەها دوای داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، واشنتن گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی چڕوپڕی ئاسمانی و دەریایییان کردە سەر ئێران و ماوەی حەوت کاتژمێری خایاند و دەیان شوێنی سەربازییان کردە ئامانج.
دوای ئەوەی یاداشتیی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرابوو و گەرووی هورمزیش بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان کرایەوە، جارێکی ئەمریکا هێرشی کردەوە سەر ئێران و ترەمپیش گوتی: رێککەوتن کۆتایی هاتووە، ئەم گرژیە بووە هۆی داخستنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە.