ئێف بی ئای ترسی لە یارییەکەی ئەمشەو هەیە

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی گەورەترین مەترسیی ئاسایشی لە مۆندیالی ئەمساڵدا لە ئەمریکا، هۆکارەکەش یارییە هەستیارەکەی نێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتینە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ناسراو بە "ئێف بی ئای"، راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هۆشداریی داوە لە ئەگەری دروستبوونی گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەرانی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا بەهۆی هەستیاریی یارییەکەوە.

ئێف بی ئای بڕیاری داوە هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگادا لە یەکتر جیا بکاتەوە، چونکە مێژوویەکی خوێناوی لە نێوان ئەرجەنتین و ئینگلتەرادا هەیە. مەترسی هەیە دوای یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال لە نێوانیاندا، هاندەران ئەنجامەکە پەسەند نەکەن و پەنا ببنە بەر توندوتیژی.

نەک تەنیا ئێف بی ئای، بەڵکوو فیفاش یارییەکەی وەک مەترسییەکی ئاسایشی داناوە و رادەی ئامادەیی ئاسایشی زیاتر کردووە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

بڕیارە ئەمشەو لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا کاتژمێر 10ـی شەو بە کاتی هەولێر لە یاریگای ئەتڵانتا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.

رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتین یەکێکە لە پڕگرژیترین رکابەرییەکانی مێژووی تۆپی پێ، سەرەتای ئەم گرژییانە دەگەڕێتەوە بۆ مۆندیالی ساڵی 1966 کاتێک کاپتنی ئەرجەنتین بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و راهێنەری ئینگلتەرا یاریزانانی ئەرجەنتینی بە "ئاژەڵ" ناوبرد. 

دواتر لە ساڵی 1982 جەنگی دوورگەکانی فۆڵکلاند لە نێوان هەردوو وڵاتدا روویدا و بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، ئەمەش رقوکینەی نێوان هەردوو نەتەوەکەی زیاتر کرد. 

لە مۆندیالی 1986 دا جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و دیێگۆ مارادۆنا دوو گۆڵی مێژوویی تۆمار کرد، یەکەمیان بە دەست بوو و دووەمیشیان بە تێپەڕاندنی نیوەی یاریزانانی ئینگلتەرا بوو، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسی سەیر کرا. 

لە مۆندیالی 1998 دا جارێکی دیکە پێکدادان دروست بوو کاتێک دەیڤد بێکهام بە کارتی سوور دەرکرا و ئینگلتەرا ماڵئاوایی کرد. 

ماوەی 24 ساڵە هەردوو هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدی نەبوونەتەوە، بۆیە ئەم یارییەی مۆندیالی 2026 لە ئەتڵانتا نەک تەنیا کێبڕکێیەکی وەرزشییە، بەڵکوو هەڵگری سەنگێکی قورسی سیاسی و مێژووییشە.