پولیتیکۆ: ئیدارەی ترەمپ نازانێت ململانێکان لەگەڵ ئێران بەرەو کوێ دەچن
گۆڤاری پولیتیکۆ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ دیدگایەکی روونی نییە، بۆ ئەوەی بزانێت کێشە و ململانێی ئێستای نێوان واشنتن و تاران بە چی دەگات و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.
بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکی کە تا ئێستاش پەیوەندیی لەگەڵ کارمەندانی کۆشکی سپیدا ماوە، بە پولیتیکۆی ڕاگەیاندووە: "کۆشکی سپی بە ڕاستی دڵنیا نییە ئەم دۆخە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، پێدەچێت ئەم جەنگ و ئاڵۆزییە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت." ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە "متمانە" وەک بنەمای هەر هەنگاوێکی دیپلۆماسی، بە هیچ شێوەیەک لە نێوان تاران و واشنتۆندا بوونی نەماوە.
پولیتیکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بوونی بەهێزی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانەی بەردەوامیی دوژمنکارییەکانە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئێستا ئەمریکا خاوەنی ئەم هێزانەیە لە ناوچەکەدا، 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و نزیکەی 20 کەشتیی جەنگی، یەکەیەکی تایبەت لە 2500 سەربازی مارێنز هەروەها بە گشتیی نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون. زۆربەی کەشتییەکان توانای هاویشتنی مووشەکی دوورهاوێژیان هەیە و فڕۆکە جەنگییەکانیش لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی کەنداو جێگیرکراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، رایگەیاندووە، چیتر هیچ لێکگەیشتنێک لەگەڵ ئێران بوونی نییە و ئاگربەست کۆتایی هاتووە. بەمەش واشنتن سیاسەتی فشاری زۆرینە پەیڕەو دەکات و سزای نوێی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە.
لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و وەڵامە بەرگرییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان، جارێکی دیکە سەرنجی جیهان کەوتووەتە سەر گەرووی هورمز. ئەمریکا لە تەمموزی 2026ەوە بە بیانووی هێرش بۆ سەر چەند کەشتییەک، گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی تەواوەتی تێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.