بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سلێمانی دەستپێدەکات

بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سلێمانی رادەگەیەندرێت و پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانیش دەستپێدەکات.

ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، لیژنەیەکیان لە نوێنەری زۆرینەی فەرمانگە و دامەزروەکان پێکهێناوە و دۆسیەی دابەشکردنی زەوی بەو لیژنەیە سپێردراوە.

گوتیشی: لیژنەکە سێ شوێنی بۆ دابەشکردنی زەوی لە سێ ناوچەی سلێمانی دەستنیشان کردووە، وەک شارەوانی پێویستیان بە 73 هەزار پارچە زەوییە بۆ ئەوەی تەواوی فەرمانبەران سوودمەند بن.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاشکراشی کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی دابەشکراون و بەمزووانەش قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی رادەگەیەندرێت.

هەروەها باسی لەوەشکرد، دواکەوتنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەهۆی کێشەی موڵکداری و کوژاندنەوەی زەوییەکان بووە، بەڵام رێکارەکان تەواوکراون بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام بێت، دڵنیایشی دا تا یەک فەرمانبەر مابێت پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە تاپۆکردنی زەوییەکان لەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەن حەسەن رایگەیاند، نووسراویان کردووە و چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانن لەلایەن فەرمانگەکانی دیکەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەکە دەستپێدەکات و فەرمانبەران دەتوانن زەویییەکانیان تاپۆ بکەن، گوتیشی، تاپۆکردنی زەوییەکان تەنیا پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە، بۆیە دواکەوتووە.

لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و تاوەکو ئێستا 50 هەزار پارچە زەوی ماون بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێن.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.