گەیلانی حاجی سەعید: ناوەندێکی بازرگانی لە هەولێر دەکرێتەوە
سەرۆکی یەکێتیی ژووری بازرگانی هەولێر رایگەیاند، شاندێکی فراوانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئابووریی گەورە، روو لە وڵاتی ئۆزبەکستان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، گەیلانی حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژووری بازرگانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت ساڵی رابردوو دوو شاندی وڵاتی ئۆزبەکستان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان نیشان دا. لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەش، یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
دەربارەی پێکهاتەی شاندەکە و کارنامەی سەردانەکە، گەیلانی حاجی سەعید ئەوەی خستەڕوو، شاندەکە لە 170 کەس پێکهاتووە، کە نوێنەرانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بازرگانانی هەر چوار پارچەی کوردستان و چەندین بەڕێوەبەری گشتیی لە کەرتی حکوومی تێیدا بەشدارن، بڕیارە سبەی هەینی، 17ـی تەممووز، کۆڕبەندە ئابوورییەکە لە شاری تاشکەند"ی پایتەخت دەستپێبکات. شاندەکەی هەرێم کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ چوار وەزارەتی سەرەکی ئۆزبەکستان و بازرگان و پیشەوەرانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن. تیشک دەخرێتە سەر بوارەکانی پیشەسازی چنین و جلوبەرگ، کەرتی وزە، و کارگەکانی پەینی کیمیایی بۆ کەرتی کشتوکاڵ، کە ئۆزبەکستان تێیدا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە هەروەها یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر کردنەوەی "ناوەندێکی بازرگانیی ئۆزبەکستان لە شاری هەولێر"، کە دەبێتە پردێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و وەبەرهێنان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوانە، نزیککردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستانە، کە پێشتر لە ئاستی پێویستدا نەبووە، بەو پێیەی ئێستا ئۆزبەکستان خاوەن ئابوورییەکی بەهێزە و بازاڕی هەرێمی کوردستانیش بە شوێنێکی لەبار بۆ وەبەرهێنان دەبینن.