ئەردەلان گەزنەیی: دەبێت لەکاتی نەخۆشکەوتنی کرێکار نوێنەری کۆمپانیا لە نەخۆشخانە بێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەردەکات و کۆمپانیاکان ناچار دەکات لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراو، نوێنەرێکیان لەگەڵ کرێکار رەوانەی نەخۆشخانە بکەن، بەتایبەت بۆ ئەو کرێکارە بیانییانەی کە زمانی کوردی نازانن.
ئەردەلان گەزنەیی، بەرپرسی پشکنینی کار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24 ـی راگەیاند، دوای گلەیی و تێبینی ژمارەیەک کرێکار، بڕیاریانداوە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ناچار بکەن لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی کرێکار، کەسێک وەک نوێنەری کۆمپانیا لەگەڵ کرێکارەکە بچێتە نەخۆشخانە و تا کاتی چاکبوونەوەی لەوێ بمێنێتەوە و نابێت بە تەنیا جێی بهێڵێت.
سەبارەت بە ئەگەری پابەندنەبوونی کۆمپانیاکان و سزاکەیان، ئەردەلان گەزنەیی گوتی، لەبەرئەوەی هێشتا کار بە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو بە تایبەت یاسای ساڵەکانی 1971 و 1987 دەکرێت و لە یاساکاندا سزاکەی دیاری نەکراوە، دادگا دەسەڵاتی سزادانی کۆمپانیاکەی هەیە، بۆیە لەو حاڵەتەدا کرێکار دەتوانێت پەنا بۆ دادگا ببات. راشیگەیاند کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پارێزەری تایبەت بە دۆسیەی کرێکارانی دابین کردووە و هاوکارییان دەکات.
گەزنەیی جەختی کردەوە کە زۆر پێویستییان بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە بۆ ئەوەی یاساکان هەموار بکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییان بۆ گۆڕانکاری لە یاساکان کردووە.
بەرپرسی پشکنینی کار ئاشکراشی کرد، 30 هەزار کرێکاری بیانی دەستبەرییان بۆ کراوە و مافەکانیان پارێزراوە، هەروەها 17 هەزار کرێکار لە ماڵەکان کار دەکەن و ئەوانە دەستبەرییان بۆ نەکراوە. گوتیشی هەر کرێکارێک مۆڵەتی کارکردنی نەبێت و لە هەر شوێنێک کار بکات بە "ئیشی رەش" هەژمار دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 320 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستبەرییان بۆ کراوە و زیاتر لە 1000 کرێکاریش خانەنشین کراون.
مافەکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بەپێی "یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران ژمارە 39ی ساڵی 1971" پارێزراون. ئەم یاسایە کۆمەڵێک مافی سەرەکی بۆ کرێکاران دابین دەکات کە گرنگترینیان ئەمانەن:
مافی خانەنشینی: هەر کرێکارێکی دەستەبەرکراو مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی هەیە دوای تەواوکردنی 30 ساڵ خزمەت و گەیشتن بە تەمەنی 55 ساڵی، یان بەپێی ئەو تەمەنە یاساییەی لە یاساکەدا دیاری کراوە.
قەرەبووی رووداوی کار: خاوەنکار پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی کرێکار لە کاتی هەر رووداوێک کە لە کاتی کارکردندا روو دەدات، هاوکات دەبێت تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکانی بۆ دابین بکات.
پشکی خاوەنکار لە دەستەبەری: بەپێی یاساکە، خاوەنکار پابەند دەکرێت بە دانی رێژەی 17%ی مووچەی مانگانەی کرێکار بە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، وەک پشکی بەشداریی کرێکارەکە.
دەستەبەری گشتگیر: یاساکە مافی سوودمەندبوون لە ئیمتیازاتەکانی پەککەوتەیی، پیری و دوای مردن بۆ کرێکار و خێزانەکەی دەستەبەر دەکات.