140 کۆچبەری کورد لە لیبیا گیريان خواردووە
بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاستی کۆچکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا بە رێژەی 93% کەمیکردووە، لە هەمان کاتدا سەدان کۆچبەری کورد لە تونس و لیبیا گیريان خواردووە و چارەنووسیان نادیارە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە وڵاتانی لیبیا و تونس گیريان خواردووە و چارەنووسیان لە مەترسیدایە.
لەم بارەیەوە پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکەی 140 کۆچبەری کورد لە لیبیا و 17 کۆچبەری دیکە لە تونس گیريان خواردووە، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی سنووری راپەڕینن.
پێشڕەو عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، قاچاخچییەکان یاری بە چارەنووسی کۆچبەران دەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. گوتیشی، بەهۆی نەبوونی هیچ رێککەوتنێک بۆ ناردنەوەی کۆچبەران لە نێوان لیبیا و یەکێتی ئەوروپا، لیبیا کۆچبەران نانێرێتەوە. ئەمەش وایکردووە زۆرینەی کۆچبەران ئەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا هەڵبژێرن.
سەبارەت بە چارەنووسی شەش کۆچبەری کورد، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ئاشکرای کرد، رەنگە لە کاتی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئیتاڵیا دیارنەمابن.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەمساڵ هیچ کۆچبەرێکی کورد لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانی لەدەست نەداوە. هەروەها بە هەوڵی حکوومەت و میدیا و دامەزراوەکان، کۆچی نایاسایی گەنجانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 93% کەمیکردووە.
بەگوێرەی ئامارە باوەڕپێکراوەکان، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکو کۆتایی 2025، 1370 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.