ئێران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە دەکات
ئێران هۆشداریی توند دەداتە واشنتن و دووپاتی دەکاتەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە، هۆشداریش دەدات لەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا وەڵامێکی زۆر وێرانکەری لە ناوچەکەدا بەدوادا دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بارەگای خاتەمەلئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نادەن دەستوەردان لە کاروباری گەرووی هورمزدا بکات، ئەوەشی وەک هێڵێکی سوور ناوبرد کە ناکرێت ببەزێنرێت.
بارەگاکە هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر واشنتن هەڕەشەکانی بۆ لێدانی ژێرخانی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوا ئەوان لە بەرانبەردا ژێرخانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
جەختیشی لەوە کردەوە، ئەوەی هێزەکانیان جێبەجێی دەکەن تەنیا وەڵامێکی هاوشێوە نابێت، بەڵکوو وەڵامێکی زۆر توندتر، فراوانتر و وێرانکەرتر دەبێت.
هاوکات عەمید جەنەڕاڵ محەمەد ئەکرامینیە، گوتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، ستراتیژیی تاران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز نەگۆڕ و یەکلاکەرەوەیە. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، توانای وڵاتەکەی بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر گەرووەکەدا بە هیچ شێوەیەک پشت بە کەناراوەکان یان دوورگەکان نابەستێت.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کۆنترۆڵی ستراتیژی بەسەر ئەو ناوچەیەدا بووەتە خواستێکی نیشتمانی لە ناوخۆی ئێران و تا ئەو کاتەی واشنتن دان بە سیستەمی سەروەریی یاسای وڵاتەکەیاندا نەنێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئێران رازی نەبێت بە مەرجەکانی واشنتن و لەبارەی گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمی رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هێرش دەکەنە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئێران و دەستەبەسەر گەرووی هورمزدا دەگرن.
هەڕەشەکانیش لە کاتێکدان، بە درێژایی ئەم هەفتەیە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە چڕی پێگە سەربازییەکانی ئێران لە باشووری ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. بەرپرسانی واشنتن جەخت دەکەنەوە، ئامانجی هێرشەکانیان دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانییە لە گەرووی هورمز.