هەولێر.. فێستیڤاڵی کورتەفیلمی قوتابیان بەڕێوەچوو
بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، سێیەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلمی قوتابیان لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەمموزی 2026، دانا محەمەد، سەرۆکی بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "ئەم فێستیڤاڵە کە بۆ سێیەمین ساڵ بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە پڕۆژە دەرئەنجامەکانی قوتابیانی قۆناغی کۆتایی بەشی سینەما و شانۆ، ئەوانەی کە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پێویستە لە کۆتایی خوێندن بەرهەمێکی سینەمایی پێشکەش بکەن. لەگەڵ ئەوەش دا ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بەرهەمەکانی قوتابیان لە دەرەوەی پۆلەکانی خوێندنیش بگەیەنرێنە جەماوەر و بوارێکی گونجاو بۆ ناساندنی تواناکانیان دابین بکرێت."
دانا محەمەد باس لە نمایشکردنی کورتەفیلمەکان دەکات و دەڵێت، "لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا پێنج کورتەفیلم نمایشکران، کە بریتین بوون لە، کورتەفیلمی "قوربانی" لە دەرهێنانی نور عومەر، "شەیدابوونی خەیاڵی" لە دەرهێنانی ئاوات ئەسعەد، "خەزێنە" لە دەرهێنانی تەها ئەحمەد، "دەستکێشەکانم" لە دەرهێنانی هێدی هێمن، و "خەونی خەیاڵ" لە دەرهێنانی رەیان شۆرش."
بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، رۆژی چوارشەممە، 16ی تەمموزی 2026، سێیەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلمی قوتابیان، بە نمایشکردنی پێنج کورتەفیلم، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر بەڕێوەچوو.