ئەمیر حەسەن گۆرانی "دایە گیان"ـی بڵاوکردەوە
ئەمیر حەسەن، هونەرمەندی ناسراوی کورد، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپی "دایە گیان" وەک دوا بەرهەمی هونەریی خۆی، بەشێوەیەکی یەکجاری ماڵئاوایی لە جیهانی هونەر دەکات.
شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، ئەمیر حەسەن بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆنراوەی گۆرانی "دایە گیان" لەلایەن ئاراس گەبەیی نووسراوە و ئاوازەکەی لەلایەن دیار کەریمەوە بۆ دانراوە. بەرهەمەکە لە ستار ستۆدیۆ تۆمار کراوە، ئەفشین شوکری بەڕێوەبەری بەرهەمەکە بووە و بڕیار فەتاح کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ دوا بەرهەمی، حەسەن گوتی: "هەتا دەمرین دەبێ دوا هەناسەمان بۆ پاداشتی دایک بێت، چونکە تەنیا نزای دایکە لە بەڵا دورت دەخاتەوە و لە خواوەند نزیکت دەکاتەوە؛ بە باوەڕی من هێشتا هیچم بۆ نەکردووە لە چاو گەورەیی ئەم وشەیەدا."
ئەو هونەرمەندە هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ دڵشکانی لە دۆخی هونەر و ژیانی هونەرمەندان گەڕاندەوە و روونیکردەوە، دڵشکاوم لەوەی هیچ هونەرمەندێک نابینم خۆشگوزەران بێت، مافی پارێزراو بێت، وەک کالایەک سەیر نەکرێت و بەدڵ پێبکەنێت. بگرە هونەرمەندە کۆمیدییەکانیش کە خەڵک دڵخۆش دەکەن، خۆیان ناخیان دەسوتێت. من بە ماندوبوونێکی زۆر خۆم پێگەیاندووە، بۆیە پێموایە نەمانی ئەو نازناوە لە بوونی باشترە.
حەسەن جەختی لەوە کردەوە کە کۆڵەکە و ئارامی ماڵ دایکە و گوتی: "دەمەوێ ئەو پەیامە ئاراستەی ئەو کەسانە بکەم ئەگەر دایکیان لە ژیاندا ماوە، خۆشیان بوێت، نەک دوایی بەدیار گۆرانییەکانی زەکەریا عەبدوڵڵا و ئەژدەر وەهبیەوە بۆ دایکتان بگرین."
لەبارەی کاریگەریی ژیری دەستکرد لەسەر هونەر، ئەو هونەرمەندە پێیوایە داهاتووی هونەر رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. حەسەن لەمبارەیەوە گوتی: "رۆژێک دێت ژیری دەستکرد هەستی هونەرت لێ دەدزێت و تۆ دەبیت بە هیچ. بۆیە هەرگیز هونەر هەڵ نابژێرمەوە، چونکە رۆژێک دێت دەبێت هەمیشە لە میدیاکانەوە بگریت."
سەبارەت بە داهاتووی خۆی دوای وازهێنان، حەسەن رایگەیاند، دڵخۆش دەبێت ئەگەر وەک یادەوەرییەک بمێنێتەوە، چونکە ئەوە بە مانای خزمەتکردن دێت. ئەمیر حەسەن گوتی: "خۆشە مرۆڤێکی سادەش بیت و بتوانیت هەموو کارێکی شەرەفمەندانە بکەیت بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بژیت. ئەگەر وەفام بۆ هەوادار و هونەرەکەم هەبێت، هەر نەبێ جار جار وەک میوانێک بۆ بۆنە نەتەوەییەکان ئامادە دەبم و خزمەتێکی بچووک هەر دەکەم."
ئەمیر حەسەن خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەورووپایە. ئەو کە زیاتر بە گۆرانییە شادەکانی ناسراوە، لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە بڕیارەکەی بۆ وازهێنان لە کاری هونەری بڕیارێکی یەکجارییە.