دادگای باڵای تورکیا بڕیارێکی نوێ لەبارەی زێڕ و دیارییەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەردەکات
دادگای پێداچوونەوەی تورکیا گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە یاسای خاوەندارێتی زێڕ و دیارییەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا دەکات و بڕیاریدا، لەمەودوا ئەو زێڕ و پارانەی لە کاتی ئاهەنگدا بە زاواوە دەکرێن، دەبنە موڵکی تایبەتی پیاوەکە و چیتر وەک مافی ژنەکە هەژمار ناکرێن.
دادگای پێداچوونەوەی تورکیا گۆڕانکارییەکی مێژوویی لەو یاسایەدا کرد کە بۆ چەندین ساڵ هەموو زێڕ و دیارییەکانی ئاهەنگی گواستنەوەی وەک مافی ژنەکە هەژمار دەکرد و بەپێی بڕیارە نوێیەکە لەمەودوا ئەو دیارییانەی لە رێوڕەسمی "پێوەکردنی زێڕ"دا دەدرێن بە بووک و زاوا، دیارییەکە کێ درابێت خاوەندارێتیەکەی بۆ ئەو دەبێت، ئەم رێوڕەسمە کە یەکێکە لە نەریتە سەرەکییەکانی ئاهەنگی تورکی و تێیدا میوانەکان پارە و زێڕ بە شریتی ملی بووک و زاواوە دەلکێنن، لەمەودوا دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ دابەشکردنی سامان لە کاتی جیابوونەوەدا، بە جۆرێک ئەو پارە و زێڕانەی وەک چارەگە لیرەی زێڕ و کاتژمێر ئەگەر بە زاواوە کرابوون دەبنە موڵکی پیاوەکە.
دادگا جەختی لەوە کردووەتەوە لە کاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکدا وێنە و ڤیدیۆکانی ناو ئاهەنگەکە وەک بەڵگەی فەرمی بەکاردەهێنرێن بۆ جیاکردنەوەی مافی هەر لایەنێکیان و ئەم گۆڕانکارییەش دوای ئەوە هات کە دادگا داواکارییەکی ژنێکی رەتکردەوە بۆ وەرگرتنی ئەو زێڕانەی لە کاتی ئاهەنگەکەدا لە هاوسەرەکەی درابوون پێی و بڕیاریدا ئەو دیارییانەی راستەوخۆ دەدرێنە زاوا و وەک زێڕی تایبەت بە ژنان نین، چیتر وەک مافی ژنەکە تەماشا نەکرێن. ئەم بڕیارە وەک پێشینەیەکی یاسایی لێ دێت و لەمەودوا هەموو دادگاکانی تورکیا لە کاتی کێشەی جیابوونەوە و دابەشکردنی زێڕدا کار بەم بنەما نوێیە دەکەن کە مافی هەر لایەنێک بەپێی ئەو دیارییانە دەپارێزێت کە پێیانەوە کراوە