کتێبی "مەرگی بەها سەمبوولییەکان" بڵاوکرایەوە
ئەم بەرهەمە نوێیەی نووسەر کە ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، لە کۆمەڵێک تێکست و وتاری هزری پێکهاتووە کە سەبارەت بە لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر مرۆڤ، یادەوەری، فەرهەنگ و کولتوور نووسراون. هەروەها نووسەر و توێژەری ناسراو، رێبوار سیوەیلی پێشەکیی بۆ نووسیوە.
کتێبەکە کۆمەڵێک ناونیشانی لەخۆگرتووە، وەک (مەرگی کاخەز، مەرگی دەق، مەرگی نووسەر، مەرگی رەخنە و رەخنەگر، مەرگی تەلەفزیۆن، مەرگی پیشەمەندی، مەرگی هاوڕێیەتی و... هتد). نووسەر هەموو ئەمانە وەک نیشانەکانی یەک پەتای گەورە دەبینێت و ناوی ناوە "پەتای پووچگەرایی دیجیتاڵی".
رێبوار سیوەیلی لەو پێشەکییەی بۆ ئەم کتێبە نووسیویەتی، دەڵێت، "من لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا زیاتر لە هەر شتێک هەستم بەوە کرد کە نووسەر نیگەرانییەکی قووڵی لەسەر قەیرانی مانا هەیە، زۆرجار لە سەردەمی ئێمەدا باس لە زۆربوونی زانیاری دەکرێت، بەڵام کەمتر پرسیار دەکرێت کە ئەم هەموو زانیارییە چ مانایەکی بۆ ژیانی ئێمە دروست کردووە".
هەروەها دەڵێت "راستە زانیاری لە هەر کاتێکی دیکە زۆرترە، بەڵام منیش وەک زۆر کەس هەندێک جار هەست بەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەو هەموو دەنگ، وێنە و هەواڵەدا، مرۆڤ زیاتر پێویستی بە تێڕامان و بێدەنگی هەیە".
سیوەیلی ئاماژەی بەوەش کردووە "لە جیهانێکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەگۆڕێت، ئەدی دەبێت چی بپارێزرێت؟ ئەوەش ئەو پرسیارەیە کە منیش کاتێک ئەم کتێبەم دەخوێندەوە، بەردەوام لە خۆمدا دووبارەم دەکردەوە".
هاوکات نووسەر، ئاراس سەعید لەبارەی کتێبەکەیەوە دەڵێت "ئەم کۆپەڕەیە لە کۆمەڵێک هزرەوتار پێکهاتووە، کە لە ماوەی رابردوودا بەشێکیان بە زمانی یۆنانی لە رۆژنامەی (فەریترا)ی یۆنانی بڵاوکراونەتەوە؛ رامانێکە لە تەکنەلۆژیا و لێکەوتەکانی لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ، یادەوەری و فەرهەنگەکەی".
دەشڵێت (مەرگی بەها سەمبوولییەکان) نە رەشبینییەکی کوێرانەیە و نە شیوەنگێڕانە بۆ رابردوو، هێندەی ئەوەی گریمانەیەکە بۆ ئایندە و رامانێکە لە نامۆبوونی مرۆڤ و پڕوپووچیی ئەو شێوازە ژیانەی کە تەکنەلۆژیا خولقاندوویەتی.
ئاراس سەعید، نووسەر و توێژەری کورد، لە بواری فەلسەفە، کۆمەڵناسی و تیۆریی میدیادا دەنووسێت؛ وتار و توێژینەوەکانی بە زمانی کوردی و چەندین زمانی زیندووی جیهانی بڵاودەبنەوە. بەرهەمە چاپکراوەکانی بریتین لە:
بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە، 2025
مەرگی بەها سەمبوولییەکان، 2026