دادوەریی ئێران: پیلانەکانی ئەمریکامان پووچەڵ کردەوە

غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئەو رووداوانەی لە ئاوەکانی کەنداودا روودەدەن، روونترین بەڵگەن لەسەر شکستی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، شکستپێهێنانی پڕۆژەی  "رێڕەوی باشوور" لە گەرووی هورمز، بووەتە هۆی لەباربردنی پلانەکانی واشنتن، روونیشی کردووەتەوە، ئەم سەرنەکەوتنەی ئەمریکا، خەونی سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر سنوورەکانی ئێراندا گۆڕیوە بۆ مۆتەکەیەک بۆ هێرشبەران.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، هێرش و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر ئێران لەم چوارچێوەیەدا دێن. هەروەها ستایشی پارێزەرانی سنوورەکان و داکۆکیکارانی گەرووی هورمزی کرد و رایگەیاند، ئەوان تەنیا بەرگری لە سنوورە جوگرافییەکان ناکەن، بەڵکو شکۆ و سەربەخۆیی شەرعیی ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژییەکان دەپارێزن؛ ئەمەش وا دەکات هەر جۆرە خیانەت و دەستدرێژییەکی دوژمنان ببێتە شکستێکی مێژوویی بۆ خۆیان.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکان و سەکۆیەکی سەرەکیی وەستانی فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانیی "ئەزرەق"ی ئەمریکی لە ئوردندا.

هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل هاووڵاتیانی ئاگادار کردووەتەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەشتیی تەلئەڤیڤ نەکەن.