بازاڕی گۆشتفرۆشانی سلێمانی چۆڵ بووە
بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور و دواکەوتنی مووچە، وای کردووە بازاڕی گۆشتفرۆشان لە سلێمانی چۆڵ بێت و خواست لەسەر کڕینی گۆشت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
لە بازاڕی گۆشتفرۆشانی شاری سلێمانی بەدەگمەن کڕیار دەبینرێت. هۆکاری سەرەکیش بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ لە 25 هەزار دینارەوە بۆ 27 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، هەروەها گۆشتی ئاژەڵی گەورەش لە 20 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 22 بۆ 23 هەزار دینار. ئەم گرانبوونە وای کردووە زۆربەی فرۆشیاران بازاڕیان نەمێنێت.
بەپێی ئامارەکان، پێشتر رۆژانە زیاتر لە 100 تۆن گۆشتی سوور لە سلێمانی دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 50 تۆن دابەزیوە. لەم بارەیەوە ئاسۆ عومەر وەک گۆشتفرۆشێک لە بازاڕەکەدا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر پێشتر رۆژانە 10 ئاژەڵی سەربڕیبێت، ئێستا تەنیا یەک یان دوو ئاژەڵ سەردەبڕێت و کڕیارێکی ئەوتۆیان نییە.
لەبارەی هۆکارەکانی گرانبوونی گۆشتەوە، ئاسۆ عومەر روونی کردەوە، "لە رابردوودا نرخەکان هەرزانتر بوون، تەنانەت پار و پێرار پێش سەرهەڵدانی شەڕ دۆخەکە زۆر باشتر بوو. پێشتر بەتایبەتی رەشەوڵاخ لە وڵاتانی جۆرجیا و ئۆکرانیاوە بۆمان دەهات، بەڵام ئێستا لە هیچ سنوورێکەوە نایەت. ئێستا تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستین، بەرهەمی ناوخۆش زۆر گران دەوەستێت، چونکە نرخی ئالیک و تێچووی بەخێوکردن زۆر بەرزە. پێشتر کێشی زیندووی ئاژەڵ لە جۆرجیا و ئۆکرانیا بە 5500 بوو، لێ ئێستا نرخەکەی لەوێ گەیشتووەتە 7500 بۆ 8000 هەزار دینار".
لە لایەکی دیکەوە، جەزا محەممەد وەک هاووڵاتییەک کێشە سەرەکییەکە بۆ نەبوونی پارە و نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە دەگەڕێنێتەوە، باسی لەوەش کرد ئەگەر پێشتر سێ کیلۆ گۆشتی کڕیبێت، ئێستا بە زەحمەت دەتوانێت یەک کیلۆ بکڕێت.